مەسرور بارزانی بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەکو سەرۆکی ئیمارات پیرۆزبایی لە محەممەد بن زاید دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەکو سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، مەسرور بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی محەممەد بن زاید دەکات و دەڵیت، "بەم بۆنەوە چاوەڕێی پتەوکردنی پەیوەندییە تایبەتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات دەکەم."
 
رۆژی هەینی، 13-05-2022، خەلیفە بن زاید ئالنەهیان، سەرۆکی ئیمارات و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە تەمەنی 74 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. بەهۆیەوە بەپێی وەزارەتی کاروباری سەرۆکایەتی، بۆ ماوەی 40 رۆژ ئاڵای ئەو وڵاتە لەسەر دامەزراوەکان دادەگیرێت و سێ رۆژیش دەوام لە فەرمانگەکانی کەرتی گشتی و تایبەتیش رادەگیرێت.
 
ئەنجوومەنی باڵای ئیمارات لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممە 14-05-2022یدا و بە گوێرەی بڕگەی 51ـی دەستوور، محەممەد بن زایدی وەکو سەرۆکی وڵات هەڵبژارد.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەو بۆنەیەوە وێڕای پیرۆزباییکردن لە محەممەد بن زاید، سەرۆکی نوێی ئیمارات، هیوا دەخوازێت لە ئەرکە نوێکەی سەرکەوتووبێت و دەشڵێت، "بەم بۆنەوە چاوەڕێی پتەوکردنی پەیوەندییە تایبەتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات دەکەم."