لە قوتابخانەیەکی دهۆک قوتابییەک بە چەقۆ بریندار کرا

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ قوتابییەک لە قوتابخانەیەکی شاری دهۆک کە پۆلی نۆی بنەڕەتییە درایە بەر چەقۆ و بریندار کرا. 
 
قوتابییەکە ناوی هەلگر رەمەزانە و لە قوتابخانەی گارە لەلایەن هاوڕێیەکییەوە بە چەقۆ لێیدرا. 
 
دڵخاز خورشید، ئامۆزای هەلگرە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەدوای ئەوەی گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، ئێستا دۆخی هەلگر باشە و ئەو سێ چەقۆیەی لێیدراون، زیانێکی گەورەی پێنەگەیاندووە. ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکدایە."  
 
هەلگر تەمەنی 15 ساڵە و بە گوتەی کەسوکاری، هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەس نییە. سەرەتا دەمەقاڵێ لەنێوان خۆی و هاوڕێکەی دروستبووە و دواتر هاوڕێکەی چەقۆی لێ دەرهێناوە و لێیداوە. 
 
دڵخاز خورشید، ئاماژە بەوەش دەکات، لەدوای رووداوەکە، مامۆستا و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەستبەجێ تۆمەتبارەکەیان دەستبەسەر کردووە و رادەستی پۆلیسیان کردووە.