لە هەریر کەسێک 'لەسەر دروستکردنی دیواری حەوشە' براکەی دەکوژێت

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری شارەدێی هەریر بەوەکالەت بە رووداوی راگەیاند، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کەسێک برا 45 ساڵەکەی دەکوژێت و تائێستا تۆمەتبارەکە دەستگیر نەکراوە.
 
رووداوەکە رۆژی هەینی 14-4-2023 روویداوە. وەلی باقی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری شارەدێی هەریر بەوەکالەت بە رووداوی راگەیاند "کەسێک بەناوی (ع.ک.ح) براکەی خۆی بەناوی وەلی کەمال حەسەن دەکوژێت."
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، پێشتر کێشە لەنێوان ئەو دوو برایە هەبووە و کوژراوەکە لەبەر کێشەکە ماڵی خۆی بردووەتە سۆران، بەڵام ئەمڕۆ دوای ئەوەی بە سەردان دەگەڕێتەوە هەریر 'لەسەر دروستکردنی دیواری حەوشە' لە بەردەم خانووەکەی خۆیدا کێشە دروست بووە و (ع.ک.ح) بە چەکی جۆری دەمانچە براکەی کوشتووە.
 
بەڕێوەبەری شارەدێی هەریر دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا تۆمەتباری رووداوەکە دەستگیرنەکراوە.
 
وەلی کەمال حەسەن دانیشتووی شاری سۆران بوو و خێزاندار و باوکی پێنج منداڵ بوو.