کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا سەردانی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات

رووداو دیجیتاڵ

رەوشی رۆژنامەگەری و جێبەجێکردنی یاساکەی، چاودێریکردنی یاساکانی مافی مرۆڤ، دیارترین ئەو کارانەن کە کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کاری لەسەردەکات. کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندە بە پشتگیریکردنی ئازادیی رادەربڕین".
 
بەیانیی رۆژی چوارشەممە 14-4-2021 رۆب واڵەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، سەردانی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد. لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو و ژمارەیەک رۆژنامەڤانی رووداو، گفتوگۆکرا لەبارەی رووداوەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق، ناوچەکە و جیهان.
 
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کۆمەڵێک چالاکییان دەستپێکردووە، کە مەبەستیانە لەو رێگەیەوە زیاتر بە رەوشی رۆژنامەڤانی لە هەرێمی کوردستان ئاشنابن. 
 
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە پەیجی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک وێنەکانی سەردانەکەی کۆنسوڵی وڵاتەکەیی بۆ رووداو بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندە بە پشتگیریکردنی ئازادیی رادەربڕین و راگەیاندن و باوەڕی وایە دەبێت رۆژنامەڤانان و دەزگاکانی راگەیاندن رێگەیان پێبدرێت رووماڵی پەرەسەندنەکان بکەن بەبێ ترسی ھەڕەشەلێکردن و تۆڵەلێسەندنەوە".