لە قەرس هێرشدەكرێتە سەر خوێندكارانی كورد


رووداو – ئاژانسەكان

گروپێك توركی نەژادپەرست هێرشدەكەنە سەر خوێندكارانی كوردی زانكۆی قەفقاز لە شاری قەرسی باكووری كوردستان.

ژمارەیەك خوێندكاری كورد لە زانكۆی قەفقاز رووبەڕووی هێرشی گروپێك توركی نەژادپەرست هاتن لە كاتی كۆبوونەوەیان بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر هێرشەكانی ئەو گروپە بۆ سەر هاوڕێكانیان لە رۆژانی پێشوودا.

لە ئەنجامدا خوێندكارێكی كورد بە ناوی "گووەن كەرەنجیلەر" بریندار بوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی قەرس. هاوكات لەگەڵ گەشتنی 3 خوێندكاری دیكەی كورد بۆ نەخۆشخانەی قەرس بەمەبەستی سەردانی هاوڕێكەیان دووبارە تو‌وشی هێرشی گروپێكی دیكەی نەژادپەرست بوونەوە و هەرسێكیان بریندار كران.

 بە گوتەی ئەو خوێندكارانە، پۆلیسی قەرس كەمتەرخەمی هەبووە لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشبەراندا و لەبری دەستگیركردنی گروپە نەژادپەرستەكە، 20 كەسیان لە خوێندكارانی كورد دەستگیركردووە.

پارتی بزووتنەوەی نەژادپەرست لە هەڵبژاردنەكانی 30 ئازار، زۆرینەی دەنگەكانی لە شاری قەرس مسۆگەر بوو و سەرۆكایەتی شارەوانی ئەو شارەی بردەوە.