سەندیکای رۆژنامەنووسان: کار دەکەین بۆ کردنەوەی دادگەی تایبەت بە کەیسی رۆژنامەنووسان

رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دادگەی لێکۆڵینەوەی سلێمانی1، تایبەت کرا بە بینینی کەیسی رۆژنامەڤانانی سنوورەکە. بەرپرسێکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، بۆ کردنەوەی دادگەیەکی تایبەت بۆ رۆژنامەنووسان لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن.
هەندرێن ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە ئازادی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی، 14ـی ئاداری 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێش سێ ساڵ داوای دادگەیەکی تایبەتمان بۆ کەیسی رۆژنامەنووسان کردووە، ئێستا تەنیا ناوچەی یەکی دادگەی سلێمانی بۆ ئەو بابەتە تەرخانکراوە، ئەوەش هەنگاوێکی باشە".
سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەی ناوچەی سلێمانی لە نووسراوێکدا بە ژمارە (2722) کە رێککەوتی 13-03-2025 و واژۆی دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی دادگەکەی لەسەرە بڕیاری دا دادگەی لێکۆڵینەوەی سلێمانی1 تایبەت بکرێت بە بینینی کەیسەکانی تایبەت بە رۆژنامەڤانان.
سەرۆکی لیژنەی دادکۆکیکردن لە ئازادی رۆژنامەنووسان گوتی: "هەنگاوەکانی داهاتوومان ئەوە دەبێت، لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە و بەرپرسانی دادگەی تێهەڵچوونەوەی شارەکان گفتوگۆ دەکەین، بۆ ئەوەی هەمان هەنگاوی دادگەی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی بگرنەبەر، ئەوەش دەبێتە دەستکەوتێکی باش".
هەندرێن ئەحمەد پشتیوانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی بۆ هەنگاوەکەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی خستەڕوو؛ گوتیشی: "لە بڕیارەکە ئاماژە بەوەکراوە، کە بۆ کەیسی رۆژنامەنووسان جێبەجێکردنی یاسای رۆژنامەگەری لەو دادگەیە دەکرێتە بنەما، ئەوەش زۆر گرنگە".
دوێنێ دوای بڕیارەکەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی، کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە رووداوی گوت: "بڕیارەکە لەسەر داوای ئێمە بووە لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، داواکارین هەمان کار لە پارێزگاکانی دیکەش بکرێت".
بە گوتەی کاروان ئەنوەر: "لەمەودوا رۆژنامەنووسان بە یاسای تایبەت بە رۆژنامەگەری دادگەیی دەکرێن، کە زیندانیکردنی تێدانییە جگە لە راگرتنی کاتی، بەڵام ئەوە تەنیا بۆ کەیسەکانی رۆژنامەڤانییە".
هاوکات رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە رووداوی گوت: "یەکشەممەی رابردوو ئێمە و سەندیکا و چەند دەزگایەکی راگەیاندن لەگەڵ کاک قوباد تاڵەبانی کۆبووینەوە، بڕیارەکەی ئەمڕۆ ئەنجامی گفتوگۆی ئەر رۆژەیە، کە جێگری سەرۆکوەزیران رۆڵی کارای هەبووە تێیدا".
بە گوێرەی نووسراوەکەی دادگەی تێهڵەچوونەوەی سلێمانی، دادگەی لێکۆڵینەوەی سلێمانی/1 "تایبەتمەند دەبێت بە بینینی ئەو سكاڵایانەی كە پەیوەندیدارن بە رۆژنامەنووسان لەناو شاری سلێمانی و یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان بەسەریدا پیادە دەبێت".
لە بڕگەی دووەمی بڕیارەکەی دادگەی تێهەڵچوونەوەدا هاتووە: "سەرجەم داواکانی سەرەوە لەدوای کۆتایی هاتنی قۆناخەکانی لێکۆڵینەوە، هەواڵەی دادگەی کەتنی سلێمانی6 دەکرێن بۆ یەکلاکردنەوەیان".
بە گوێرەی نووسراوەکەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی، بڕیارەکە لە 13ـی ئاداری 2025ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.