وەزارەتی تەندروستی: دوو لە کوژراوەکانی شەوی رابردوو پزیشک بوون

رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوو لە کوژراوەکانی رووداوەکەی شەوی رابردوو پزیشکن و دایک و باوکیشیان کە کوژراون مامۆستای خانەنشینن.
شەوی پێنجشەممە 13ـی ئاداری 2025، لە شاری هەولێر لە رووداوێکی تەقەکردندا، پزیشکێک هاوژینەکەی، خەسوو، خەزوور و خوشکێکی هاوژینەکەی خۆی کوشت.
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ناسنامەی کوژراوەکانی بڵاوکردەوە و وڕێرای دەربڕینی سەرەخۆشی رایگەیاند، لە رووداوەکەی شەوی رابردوودا د. سانا کەمال، د. سەناریا کەمال، مامۆستا کەمال خدری باوکیان و مامۆستا سەباحت زاهیر دایکیان گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی، "خوالێخۆشبوو د. سانا کەمال لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاری، پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتان و لەدایکبوون و مامۆستای زانکۆش بووە لە کۆلێژی پزیشکی. هەروەها د. سەناریای خوشکی، پزیشکی تیشک و سۆنار و قوتابی خوێندنی باڵا بوو بۆ پسپۆڕی تیشک و سۆنار لە نەخۆشخانەی رزگاری فێرکاری".
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بەبێ ئاماژەدان بە ژمارەیان رایگەیاندووە، لە رووداوەکەی شەوی رابردوودا "بەشێکی" ئەو خێزانەی کوژران بریندار کراون.
دوای رووداوەکە، ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تەقەکەرەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد، رووداوەکە بە هۆکاری کێشەی کۆمەڵایەتی بووە.