لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە بەردەڕەش 8 کەس بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی ھاتووچۆدا لە سنووری ناحیەی دارەتوو سەر بە قەزای بەردەڕەش، 8 کەس بریندار بوون و چارەسەریان بۆ دەکرێت.
 
نەشوان بەرزنجی، گوتەبێژی تەندروستیی بەردەڕەش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمشەو 8 بریندار گەیێندرانە نەخۆشخانەی بەردەڕەش، کە بەھۆی رووداوێکی ھاتووچۆوە بریندار بوون، کە ئەوانیش سێ پیاو، ژنێک، دوو مێرمنداڵ و دوو منداڵن."
 
گوتەبێژی تەندروستیی بەردەڕەش ئاماژەی بەوەش کرد، دوو لە بریندارەکان گوستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ھەولێر، یەکێکیش بۆ نەخۆشخانەی ئاکرێ، ئەوانی دیکە لە نەخۆشخانەی بەردەڕەش چارەسەریان وەرگرتووە.