سوودانی لە 16ـی 3 سەردانی هەڵەبجە ناکات

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەردانی محەممەد شیاع سوودانی بۆ پارێزگای هەڵەبجە لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانیدا، پەرلەمانتارێکی عێراق بە رووداوی گوت، سەرۆکوەزیران سەردانەکە ناکات.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، موسەننا ئەمین، پەرلەمانتار و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، پێشتر لەگەڵ ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو سەردانی سوودانییان کردووە و لەوێ پێشنیازی کردووە بە چەند پرۆژەیەکەوە لە 16ی ئاداری 2024 سەردانی شاری هەڵەبجە بکات.
 
موسەننا ئەمین گوتی، دوای چەند جار بەبیر هێنانەوە، ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییان پێوە کردووە و پێیان گوتووە کە "بەداوای لێبووردنەوە" ناتوانێت سەردانی هەڵەبجە بکات.
 
موسەننا ئەمین ئاماژەی بەوە کرد، "داوامکردووە، کە ئەگەر خۆشی نەتوانێت سەردانی هەڵەبجە بکات، با چەند وەزیرێکی بنێرێت، ئەوانیش گوتیان پێشنیازەکە تاوتوێ دەکەین".
 
کاژێر 09:00ـی بەیانیی رۆژی شەممە، 16ـی ئادار، لە مەزاری شەهیدانی کیمیاباران لە شاری هەڵەبجە رێوەڕەسمێک بەڕێوەدەچێت و تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆی شەهیدانی شارەکە دادەنرێت.
 
شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دوێنێ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ بەشداربوون لە رێوڕەسمەکانی ئەم ساڵدا جگە لە سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراقیان بانگهێشت کردووە.
 
رۆژی 16ـی ئاداری 1988، شاری هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراقەوە (رژێمی بەعس) کیمیاباران کرا و لە ئەنجامدا نزیکەی پێنج هەزار هاونیشتمانی شارەکە شەهید بوون و زیاتر لە 10 هەزاری دیکە بریندار بوون.
 
تاوەکو ئەمڕۆ هەڵەبجە تەنیا لە هەرێمی کوردستان پارێزگایە. هەرچەندە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 13-03-2023 پەسندکرا، بەڵام پەرلەمانی عێراق پەسندی نەکردووە.
 
بڕیاربوو 14-9-2023 لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی لایەنە عێراقییەکان بوون بە هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکە و تاوەکو ئەمڕۆ دەنگی لەسەر نەدراوە.
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 130 هەزار کەسە؛ رووبەرەکەی 1599 كیلۆمه‌تر چوارگۆشەیە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەقەزابوونی خورماڵی داوە.