ژنێکی بەتەمەن لە قەڵادزێ بەهۆی شۆرتی کارەباوە گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە قەڵادزێی ئیدارەی راپەڕین، ژنێکی بەتەمەن بەهۆی شۆرتی کارەبا لە ماڵەکەیاندا سووتا و دواتر لە نەخۆشخانە بەهۆی هەناسەتەنگییەوە گیانی لەدەستدا.
 
بە گوتەی بەرگریی شارستانیی راپەڕین، لە رووداوەکەدا هاوژینی ژنەکەش بەرکەوتووە و ئێستا باری تەندروستی جێگیر نییە.
 
رووداوەکە دەوروبەری کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە گەڕەکی مام قاسمەی قەڵادزێ روویداوە.
 
لەوبارەیەوە، عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە رووداوی گوت، ژن و پیاوەکە هەردووکیان بەهۆی دووکەڵی شۆرتی کارەباوە لە ماڵەکەیاندا تووشی هەناسەتەنگی بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ کراون، بەڵام پاش چەند کاژێرێک ژنەکە گیانی لەدەستداوە.
 
ژنەکە ناوی مریەم وەتمانە و تەمەنی 70 ساڵە، بەگوتەی بەرگریی شارستانی "بەهۆی ژەهراویبوون بە دوکەڵی ئاگرەکە گیانی لەدەستداوە".
 
عەلی قادر گوتیشی، هاوژینی ژنەکە ناوی عەلی حەمەیە و بەهۆی ناجێگیری بارودۆخی تەندروستییەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراوە.