خۆپێشاندەرانی هەڵەبجە تاوەکو جەژنی رەمەزان مۆڵەت بە حکومەت دەدەن بۆ جێبەجێکردنی داواکانیان


رووداو دیجیتاڵ 

بەشێک لە دانیشتووانی هەڵەبجە رۆژی سێشەممە 14-03-2023 گردبوونەوەی ناڕەزاییان رێکخست و دەیانەوێت دوو رۆژ پێش 16ی3 و ساڵیادەکەیان داواکارییەکانیان بگات. 
 
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێویستە حکومەت ئاوڕی جیدی لە هەڵەبجە بداتەوە، چ لە رووی خزمەتگوزاری، چ لە رووی چارەسەری بەرکەوتووان." 
 
عەبدولحەمید حەمەفەرەج، مامۆستای ئایینی دەڵێت، "بە حوکمی ئەوەی هەڵەبجە 100% لە 1988 وێران بووە، پێویستی بە خزمەتی زیاترە لە 34 ساڵی رابردوودا. داواکاریی هەڵەبجەییەکان لەیەکچوون، کەمی خزمەتگوزاریی، کەمی پرۆژە و زاڵبوونی ململانێی سیاسییەکانی شارەکە." 
 
فەرحان عیزەت، چالاکڤانێکی هەڵەبجەیە و گوتی، "هەڵەبجە دوای ئەو هەموو ساڵە هێشتا لە قۆناخی ئاوەدانکردنەوەدایە کە خۆی دەبوو لە قۆناخی جوانکارییدا بووایە." 
 
فەرهاد قادر، یەکێکە لە رێکخەرانی گردبوونەکە و گوتی، "بڕیارەکەی حکومەتی عێراق هێشتا کۆمەڵێک رێکاری ماوە و کوردستانیش دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتی دارایی و ئیدارییەوە." 
 
رێکخەرانی گردبوونەوەکە، لە راگەیێندراوێکدا بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی تاوەکو جەژنی رەمەزان مۆڵەتیان بەحکومەتدا و بڕیاریشیاندا، 16ی 3 بەشداریی یادکردنەوەی کیمیاباران نەکەن. 
 
رێناس عەلی، یەکێکی دیکەیە لە رێکخەرانی گردبوونەکە و گوتی، "هیوادارین گوێیەک هەبێت بۆ بیستنی داواکانمان و تاوەکو دوای مانگی پیرۆزی رەمەزان لەسەر حکومەت دەوەستین." 
 
محەممەد تۆفیق، کەسوکاری قوربانییانی هەڵەبجەیە و دەڵێت، "ئێمە وەکو کەسوکاری قوربانییان بووین بە ژێر کۆمەڵێک ململانێوە، هەر لایەک و بەجۆرێکی جیاواز دابەشبووە." 
 
رەنگە هەواڵی خۆشی ئەمساڵ بۆ هەڵەبجەییەکان، راگەیاندنی بە پارێزگابوونیان بێت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بڕیارێک کە وا دەبینێرت هێشتا تینوێتی دڵی ئەو هەموو خەڵکە نیگەرانە نەشکێنێت.