مەسرور بارزانی و سوودانی جەخت لە چارەسەری کێشەکان لەسەر بنەمانی دەستوور دەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور کردەوە. 
 
رۆژی سێشەممە 14-03-2023، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد و دواتر کۆبوونەوە. 
 
لە کۆبوونەوەیەکدا، بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە داوە، "کەشێکی ئەرێنی و هەوڵدانێکی جیددی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ. ئەگەر نیاز و ویست و ئیرادە هەبێت، دەکرێ هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن." 
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد بۆ کارکردن لەسەر چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەتی پەسند کردنی پڕۆژەیاسای بودجە کە بە هاوکاری و هاوئاهەنگی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ئامادە کرا. 
 
مەسرور بارزانی هیوای خواست پەرلەمانی عێراق لە نزیکترین کاتدا پڕۆژەیاساکە وەکو خۆی پەسند بکات. هەروەها دەستخۆشی لە سەرۆکوەزیران و کابینەی حکومەتی عێراقیش کرد بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، بەو هیوایەی ببێتە دەستپێکێک بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی دانیشتووانی هەڵەبجە. 
 
محەممەد شیاع سوودانی جەختی لەوە کردەوە، "دەرفەتێکی باش، ئارەزوو و ویستێکی بەهێزمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و رێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت." 
 
لە کۆبوونەوەکەدا، وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گفتوگۆ لەبارەی چەندین تەوەر کرا لەوانە، گرنگیی ئامادەکردنی هەردوو پڕۆژەیاسای دادگەی فیدراڵیی عێراق و یاسای نەوت و گاز، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال وەکو خۆی و دەرچوونی هێز و میلیشیا چەکدارەکان و ئاساییکردنەوە و ئاوەدانکردنەوی ناوچەکە، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی بەعس بەپێی دەستوور، بەتایبەتی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی کیمیاباران و ئەنفالکراوان و هەروەها پەرەپێدانی هاوئاهەنگی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.