هۆشیار زێباری بۆ باڵیۆزی ئێران: پێویستە بچیتە خولێکی دیپلۆماسی
رووداو دیجیتاڵ
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی لێدوانێکی باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەداتەوە، کە رایگەیاندبوو: "بۆردوومانەکەی هەولێر هیچ پەیوەندییەکی بە سەروەریی عێراقەوە نییە" و پێی دەڵێت: "پێویستە بچێتە خولێکی دیپلۆماسی و یاساییەوە".
ئەمڕۆ دووشەممە 14-03-2022 ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە گوتارێکدا لە کۆنفڕانسی "شکۆی مرۆڤ لە گوتاری حوسێندا" کە لە کەربەلا بەڕێوەچوو، باسی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێری کرد و گوتی، ئەو هێرشە دژی ئەمریکا و عێراق نەبووە، بەڵکو دژی ئیسرائیل بووە".
بەپێی ئەو راپۆرتەی لە ئاژانسی فەرمی حکومەتی ئێران لەبارەی نێوەڕۆکی گوتارەکەی باڵیۆزی ئێران بڵاوکراوەتەوە، مەسجدی دەڵێت: "لە کوردستان پێگەیەک بۆ ئیسرائیلییەکان دروستکرابوو و لەوێوە دژی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران چالاکی دەکرا. ئێران ناتوانێ لە بەرامبەر ئاسایشی خۆیدا کەمتەرخەم بێت. چەندینجار هۆشداری بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان درابوو، بەڵام لەو پێگەیەوە دژی ئاسایشی ئێران چالاکی کرا، بۆیە کۆماری ئیسلامی کاردانەوەی هەبوو."
باڵیۆزی ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە سنووری هەولێر پەیوەندی بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقەوە نییە و ئەگەر ئیسرائیلییەکان دەرکرابان، پێویستی نەدەکرد ئەو هێرشەیان کردبا و گوتیشی هێرشەکەیان بۆ ئەمریکا نەبووە، باڵیۆزخانە و کۆنسولخانەی ئەو وڵاتەیان نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو دژی پێگەیەکی ئەمنی بووە کە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران چالاکی کردووە. دەشڵێت، کەس قبووڵی ناکات، هەرێمی کوردستان ببێتە بنکەی ئیسرائیلییەکان.
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق لە پۆستێکیدا لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: "بەڕێز باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی، لە کەربەلا رایگەیاندووە، کە بۆردوومانکردنی هەولێر پەیوەندیی بە سەروەری عێراقەوە نییە؟ لەو باوەڕەدام کە پێویستە بچێتە خولێکی دیپلۆماسی و یاساییەوە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندیی باشی دراوسێیەتی و رێزگرتنی هاوبەشی نێوان وڵاتان".
هۆشیار زێباری هەروەها نووسیویەتی: "ئایا ئەم هەڵوێستە سەرەتای هەڵکشانی زیاتر و عێراق کردنە بە مەیدانی تەسفیەی حیسابات لەجیاتی رووبەڕووبونەوەی ئیسرائیل لە سووریا، لوبنان و غەززەی بریندار! بەم لۆژیکە پێچەوانە و سەراوژێرە ناتوانیت بە عەقلانی لێدوان بدەیت جەنابی بەڕێز ئیرەج مەسجدی زانا و شارەزا لە پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق و پەیوەندییە مێژووییەکانی کورد و ئێران".
رۆژی یەکشەممە 13ى ئاداری 2022، هێرشى مووشەکى کرایە سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، دواتر سوپاى پاسدارانى کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسیارێتیى خۆى لەو ھێرشە راگەیاند.
بەمەبەستی گەیاندنی نارەزایی فەرمی حکومەتی هەرێم بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، رۆژی دووشەممە 14-03-2022 کۆنسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، بانگهێشتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کراو هەڵوێست و ناڕەزاییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستانی ئاراستەکرا کە وەکو رایگەیاندووە "بەهۆی بۆردوومانە مووشەکییەکان زیانی ماددی زۆری لێکەوتەوە و ترس و دڵەڕاوکێی لە ناو دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دروستکرد".
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە کە بۆ مووشەکبارانکردنی هەولێر کراون بە بیانوو، هەروەها پشتگیری لە پێکهێنانی لێژنەیەکی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ لێکۆڵینەوە و دەرخستنی راستییەکان، بۆ ئەوەی چیتر بە پاساوی بێ بنەما خاک و خەڵکی سڤیلی ئاشتی خوازی هەرێم بە ئامانج نەکرێن".