CPJ: لە هەرێمی کوردستان دوو رۆژنامەڤان بە "بەڵگەی لاواز" حوکمدراون
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە رۆژنامەنووسان ناسراو بە (CPJ) کە رێکخراوێکی سەربەخۆی قازانجنەویستی ئەمریکییە، لەسەر حوکمدراوانی بادینان هاتە دەنگ، بە پشتبەستن بە گوتەی چەند شایەتحاڵێک دەڵێت ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ هەریەک لە شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری، لەسەر 'بەڵگەی لاواز' هەڵبەستراون.
کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە رۆژنامەنووسان دەڵێت پێنج کەس کە ئامادەی کاتی دادگاییکردنی حوکمدراوانی بادینان بوون لە هەولێر، بە رێکخراوەکەیان راگەیاندووە کە 'تۆمەتەکان لە دژی شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری لەسەر بەڵگەی لاواز و بەڵگەی ناڕاستەوخۆ' هەڵبەستراون.
کۆمیتەکە ئەو بەڵگەیەی کە دوو رۆژنامەنووسەکەی بێ تۆمەتبارکراوە، بە 'دليل ظرفي' ناودەبات، بەگوێرەی فەرهەنگی یاسایی، بەو واتا بەڵگەکە پشت بە زانیاری دروست دەبەستێت، بەڵام راستی بابەتەکە ناسەلمێنێت.
CPJ دەڵێت، بەگوتەی نوێنەری چەند گرووپێک لەگەڵ چەند رۆژنامەنووس و پەرلەمانتارێک کە شایەتی دادگاییکردنەکەبوون، دادوەرەکان "شکستیان هێناوە" بەڵگەی حاشاهەڵنەگر بۆ تۆمەتەکانیان بخەنەڕوو، ئەمەش گومانی خستووەتە سەر دادپەروەریی دادگاییکردنەکە.
رێکخراوەکە دەڵیت پارێزەر و رۆژنامەنووسەکان داوای تێهەڵچوونەوەیان بۆ بڕیاری دادگاکردووە، بەڵام هێشتا هیچ کاتێک بۆ دانیشتنی دادگا بۆ تێهەڵچوونەوە بە بڕیاری پێشتری دادگا دیاری نەکراوە.
وینترۆپ رۆجێرس، رۆژنامەنووس بە CPJ ی راگەیاندووە: "بەڵگەکە زۆر بابەتی بوو، شتێکی حاشاهەڵنەگری تێدانەبوو، جۆرێک لە هەڕەمەکی پێوەدیاربوو، وەکو ئەوەی تۆزقاڵێک ناشازبێت بەو هۆیەوە گومانی لەسەر دروستبووبێت."
کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە رۆژنامەنووسان دەڵێت، هەریەک لە شێروان شێروانی کە رۆژنامەنووسێکی فریلانس بووە، لەگەڵ گۆهدار زێباری کە بۆ 'وڵات نیوز' کاری کردووە، بەوە ناسرابوون کە کاریان لەسەر گەندەڵییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە کردووە.
بەپێی راپۆرتەکە: "ئەو دوو رۆژنامەنووسە پێشتر لەلایەن بەرپرسانەوە کرابوونە ئامانج، هیچ کامیشیان سەرەتا ئاگادارنەکرانەوە لەسەرچی دەستگیرکراون".
لە 16ی شوباتی ئەمساڵ، دادوەر زرار مەحموود مرادخان، شێروان شێروانی و سێ 'چالاکڤان'ی دیکەی بە تۆمەتی دروستکردنی گرووپێک بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری لەسەر دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و پێدانی زانیاری بە پارتە دەرەکییەکان بە ئامانجی شێواندنی سەقامگیری هەرێمی کوردستان، حوکم دا. شایەتحاڵەکان بە رێکخراوەکەیان گوتووە پرۆسەی دادگاییکردنەکە "بێهیواکەربوو"، دەڵێن دادوەران تۆمەتی گشتگیر و هەڵەیان داوەتە پاڵ رۆژنامەنووسەکان تەنیا بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ئەمانە تۆمەتبارن.
راپۆرتەکەی کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە رۆژنامەنووسان دەڵێت، بە گوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگا، دادوەران گوتوویانە کە رۆژنامەنووسەکان سیخوڕیان بۆ ئەمریکا کردووە، چەند کۆبوونەوەیەکی نێوان گۆهدار و شێروان و دیپلۆماتکارانی ئەمریکیان لە هەولێر بە نموونە هێناوەتەوە، دەڵێن ئەو رۆژنامەنووسانە زانیاریان لەسەر دامەزراوەی هەواڵگری و گرتووخانەکان بە بەرپرسە ئەمریکییەکان داوە، کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە رۆژنامەنووسان نامەی بۆ کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر ناردووە، بەڵام دەڵێت وەڵامیان نەداوەتەوە.
بەڵگەکانی دادگا ئەوەش دەڵێن کە شێروان شێروانی 5 هەزار دۆلاری لە بەرامبەر پێدانی زانیاری لەسەر دۆخی زیندانیان و گرتووخانەکان لە سێ کەس وەرگرتووە کە بۆ گرووپێک بەناوی "بار" کاریانکردووە، شایەتحاڵان بە کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە رۆژنامەنووسانیان راگەیاندووە مەبەست لەو باڕە 'رێخراوی باڕی ئەمریکییە' کە رێکخراوێکی ئەمریکییە و لە کەرتی یاساییدا کاردەکات.
رەحمان غەریب، سەرۆکی سەنتەری میترۆ بە کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە: "ئەگەر چاوپێکەوتنی دیپلۆماتکارەکان لە هەرێم و بەدەستهێنانی پاڵپشتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تاوان بێت، ئەوا دەبێت سەنتەری میترۆ و رێکخراوەکانی دیکە لە هەمان گرتووخانە زیندانی بکرێن کە گۆهدار و شێروانی تێدا زیندانی کراوە."
رەحمان غەریب بڕیاری دادگای لە دژی رۆژنامەنووسەکانی بادینان بە: "زیانگەیشتن بە ئابڕووی حکومەتی هەریمی کوردستان و ئازادی رادەربڕین لە هەرێمەکە" ناوبرد.
شایەتحاڵان بە CPJیان گوتووە، ئەو بەڵگەنامانەی لە دادگاخراونەتەڕوو، چەند دەق و چاتێکی تۆڕەکۆمەڵاتییەکان بوون لەنێوان شێروان و گۆهدار و تۆمەتبارەکانی دی لەگەڵ چەند وێنە و تۆمارێکی دەنگی.
محەمەد ساڵح و کامەران مەلا عوسمان، ئەندامان لە رێکخراوی قازانجنەویستی تیمی ئاشتیخوازی کریستیان ناسراو بە (CPT) بە (CPJ)یان گوتووە کە ئەو نامانەی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان لەنێوان تۆمەتبارەکان گۆڕدراونەتەوە و لەدادگا خوێندرانەوە، هیچ تاوانێکی دژی دامودەزگا حکومییەکان پشتڕاستناکەنەوەو شێوازەکەی تەنیا لە گفتوگۆیەک لەنێوان چەند کەسێک دەچێت.
عەلی حەمەسالح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان کە شایەتی دادگاییکردنەکەبووە، کۆمیتە ئەمریکییەکەی گوتووە، شێروان شێروانی لەدادگا گوتوویەتی چووەتە نێو گرووپەکانی سۆشیالمیدیا بۆ ئەوەی بەڵگەو زانیاری لەسەر گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزارییەکان بۆ توێژینەوەیەک بۆ کتێبەکەی لەسەر تیرۆری سیاسی کۆبکاتەوە.
هەرلە دادگا دادوەران هەندێ وێنەیان خستنەڕوو بە بەڵگەنامەی مەترسیدار وەسفیانکرد، گوتوویانە کە رۆژنامەنووسەکان لەکاتی سیخوڕیکردن ئەم وێنانەیان گرتوون، بەڵام CPJ دەڵێت یەکێک لەو وێنانەی شێروان شێروانی لە بارەگای سەرەکی دەزگایەکی ئەمنی لەکاتی کاری رۆژنامەنووسی گیراوە. عەلی حەمەسالح لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نوسیوویەتی وێنەکەی لە 2015 بۆ بابەتێک لەبارەی گرتووخانە نهێنییەکان گرتووە بەو ئامانجەی لەگۆڤاری باشوور بڵاوبێتەوە کە ئەوکات شێروانی سەرنووسەری گۆڤارەکە بووە.
کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە رۆژنامەنووسان دەڵێت، دادوەران لە دادگا چەکێکی راوکردنیان پیشانداوە، گوتوویانە ئەمە هی گۆهدار زێباریە، ویستوویەتی لە هێرشی تیرۆرستی بەکاری بێنیت. مەلا عوسمان و عەلی حەمەسالح بە کۆمیتەکەیان گوتووە، ئەو چەکە لە ماڵی رۆژنامەنووسەکە نەدۆزراوەتەوە، بەڵکوو رۆیشتوون لە ماڵی خوشکی گۆهدار هێنراوە و پۆلیس لەکاتی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسەکە دەستی بەسەرداگرتووە.
هەرێم رەفعەت، پارێزەری گۆهدار زێباری قسەی بۆ رێکخراوی CPJ کردووە، دەڵێت دادوەران سەرنجیان لەسەر ئۆتۆمبێلەکەی گۆهداربووە، گوتوویانە بۆچی بەشی پێشەوەی لە هی دواوە ناچێت، لەسەر پێشێلکارییەکانی هاتووچۆو بەسەرچوونی مۆڵەتی ئۆتۆمبێل یاخود شوفێری لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردووە.
هەرێم دەڵێت ئەو پرسیارانە هیچ پەیوەندیان بە کەیسەکەوە نییە، تەنیا ویستوویانە بە شتێک تۆمەتباری بکەن."
پارێزەرەکەی گۆهدار دەڵێت دادوەرەکان ویستوویانە لە متمانەی شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری بدەن، گوتوویانە ئەمانە ئەندام نەبوون لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، هەرێم لە دادگا گوتوویەتی یاسا داوای لێنەکردوون ببنە ئەندام لە سەندیکاکە تاوەکو وەکو رۆژنامەنووس کاربکەن.
CPJ لەسەر ئەم بابەتە پەیوەندی بە دیندار زێباری، بەرپرسی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام دەڵێت وەڵام ئیمەیڵی رێکخراوەکەی نەداوەتەوە.
ناوەڕاستی مانگی رابردوو دادگای هەولێر بڕیاری دا شێروان شێروانی و 4 هاوڕێی دیکەی، بەپێی ماددەى 156 لە یاساى سزادانى عێراقى، ژمارە (21) بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا بدرێن.
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2020، رۆژنامەڤان، شێروان شێروانی دەستگیرکرا، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، لە پارێزگای دهۆک دەستگیرکراوە و تۆمەتبارە بە "گوتنى قسەى نەشیاو، تۆمەت دروستکردن و تێکدانى ئاشتیی کۆمەڵایەتى".
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، شێروان شێروانی لەسەر فەرمانى راگرتن کە لە دادگەى لێکۆڵینەوەى دهۆک دەرچووە دەستگیر کراوە و "تۆمەتبارە بەپێى ماددەى 156 لە یاساى سزادانى عێراقى، ژمارە (21) بۆ ساڵى 2003 کە لە پەرلەمانى کوردستان هەموارکراوە"، بەپێی یاساکانی سزادانی عێراقی سزاکە تاوەکو لەسێدارەدان دەڕوات، بەڵام بەپێی یاسای هەموارکراوی هەرێمی کوردستان لەسێدارەدان گۆڕاوە بۆ سزای زیندان کە دەکرێت تاوەکو زیندانی هەتاهەتاییش بڕوات.
بەپێى یاساى رۆژنامەڤانی لە هەرێمى کوردستان لە ماددەی 35ـى ساڵى 2007، ناتواندرێت رۆژنامەڤان دەستگیربکرێت، تەنیا بە فەرمانى دادگە و رەزامەندیی سەندیکاى رۆژنامەنووسان نەبێت، بەپێى ئەو یاسایەى سەرەوە هێزەکانى پۆلیس رۆژنامەڤانی "تۆمەتبار و تێوەگلاو لە سەرپێچیکردن" دەستگیر ناکەن، تەنیا کاتێک کە دادگە داوا دەکات بە گرتنەبەرى رێوشوێنى پێویست. ئەوەش لە کاتى دروستکردنى مەترسى لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى و بڵاوکردنەوەى تووندوتیژی. بۆ ئەوەش بەپێى یاساى سزادانى عێراقى ژمارە 111ـى ساڵى 1969 مامەڵە دەکرێت.
حوکمدانی ئەو دوو رۆژنامەڤانەی بادینان و سێ کەسی دیکە کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدواداهات. بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ناساندنی ئەو کەسانە وەکو "سیخوڕ".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی سزادانی پێنج راگیراو لە هەولێر رایگەیاند، ئەوە دوا بڕیار نییە، بەپێی یاساش مافى سزادراوانه تانە لە بڕیارهكە بدهن. "چاودێريی ئەو پرسە دەکەین، جەخت لە سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە سەربەخۆیيی بڕیاری دادگە و لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکەینەوە".
هەروەها قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا سەبارەت بەو پرسە رایگەیاند: "ئەو بابەتە پرسێکی یاساییە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی گومانی لای ھاووڵاتیان دروستكردووە و ئەمەش دەبێتە مایەی لەكەداركردنی ناو و ناوبانگی ھەرێمی كوردستان".
رۆژی 18-2-2021 سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان داوای ئازادکردنی ئەو 5 هاونیشتمانییەی بادینانی کرد کە سزای 6 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە و رایگەیاند: "دادگاکان سەروەری و بێلایەنی خۆیان بپارێزن".
بزووتنەوەی گۆڕانیش لە پەیامێکدا لەبارەی حوکمی شەش ساڵ زیندانی بەسەر ئەو پێنج کەسە هەڵوێستی خۆی راگەیاند و گوتی : "سزادانی چالاکڤانان پێشهاتێکی ناجۆری دەسەڵاتە".
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی سێشەممە 2021/02/16 لە هەژماری خۆی لە تۆڕی تویتەر رایگەیاند: "باوەڕی نەگۆڕم بە پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەیە. هیواخوازم ئەوان [دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان] بێمتمانەیی بە دەسەڵاتی دادوەری تۆختر نەکەنەوە."
دوای سزادانی ئەو پێنج کەسە، نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە پەیامێکدا رایانگەیاند، بە وردی چاودێریی دەستگیرکردن و دادگاییکردنەکانی ئەم دواییەی رۆژنامەڤانان و چالاکڤانانیان کردووە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لەبارەی پرسی ئازادیی رادەربڕین، بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدابووە.
دوای ئەو کاردانەوانە، سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند بەهیچ شێوەیەک کۆڵنادەن لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی سەر شانیان و "هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە درێژەپێدەری کارەکانمان دەبین."
ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستانیش روونکردنەوەیەکی لەبارەی حوکمدراووانی بادینان بڵاوکردەوە و راگەیاند: "دادگاییكردنی ئەو دەستگیرکراوانە به شێوهیهكی ئاشكرا و شهفاف بووە و پرۆسهكهش لهسهر بنهماكانی دادگهری بووه."
هەروەها رۆژی 19-2-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند، "داوا لە هەموو لایەک دەکەم رێز لە سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان بگرن بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێ دەستوەردان کارەکانی ئەنجام بدات".
رۆژی 4-3-2021 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان 'دانپێدانانی' حوکمدراوانی بادینانی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە کرد "لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکاندا بەپێی بەڵگە و دانپێدانانیان ئەوە سەلمێندرا کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە پەکەکە و چەندین لایەنی دیکە هەبووە". بەڵام سێ ئەندامی ئەنجوومەنەکە رایانگەیاند: "به هیچ جۆرێك ئاگاداری ئهو راپۆرت و دانپێدانانه نین".