کرێکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ نەورۆز دەگەڕێنەوە نێو بنەماڵەکانیان
رووداو - سلێمانی
کرێکارانی رۆژهەڵاتی كوردستان کە لە باشووری کوردستان کار دەکەن، دەڵێن بۆ پشووی سەری ساڵ و رۆژانی نەورۆز دەگەڕێنەوە نێو بنەماڵەکانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەو کرێکارانە ئاماژە بەوە دەكەن رۆژانی جەژنی نەورۆز کاریان کەمتر دەستکەوێت. دەشڵێن، سەرەڕای ئەوەی لە باشووری کوردستانیش کار کەم بووەتەوە بەڵام هێشتا ناچارن دوای پشووی نەورۆز بگەڕێنەوە و درێژە بەکارەکانیان بدەن.
بەپێی ئاماری سەندیكای كرێكاران، ساڵانە زیاتر لە شەش هەزار كرێكاری رۆژهەڵاتی كوردستان بەمەبەستی كاركردن دێنە باشووری كوردستان.
كرێكارانی رۆژهەڵاتی كوردستان، پشووەكانی جەژنی نەورۆز بەدەرفەتێكی باش دەزانن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە نێو خانەوادەكانیان، تاوەكو لەگەڵ خێزانەكانیاندا رۆژانی سەرەتاكانی وەرزی بەهاری بەسەربەرن.
كرێكارێك دەڵێت "سەیران لەگەڵ خانەوادەكانمان خۆشترە نەك لێرە بە خەفەتەوە بمێنینەوە، ئەو 13 رۆژە بەشارەكانی كوردستاندا دەگەڕێین".
عەسكەری تەمەن 32 ساڵ، دەیەوێت بەو داهاتەی رۆژانە بەدەستی دەهێنێت، لەپاڵ دابینكردنی ژیانێكی باشتردا بۆ هاوژین و دوو منداڵەكەی، رۆژانی نەورۆز لەسرووشتە دڵڕفێنەكەی رۆژهەڵاتی كوردستاندا بەسەرببات.
عەسكەر گوتی "خۆ ئەوەندە پارە پەیدا نەبووە، كە منداڵەكان دڵخۆش بكەین و شتێكیان بۆ بكڕین. خودا یارمەتیمان بدات ئەم چوار رۆژە ئەوەنە پارە كۆبكەینەوە كە دڵخۆشیان بكەین".