مامۆستایەکی هەڵەبجە: لە پەیجەکانەوە بڕیاری سزادانی خۆمان بینی

رووداو دیجیتاڵ 

لە ئامادەیی بيارەی شەريفەی کچان چيرۆکی جياواز هەيە، لە کۆی 22 مامۆستا تەنها بەڕێوەبەر و ياريدەدەرەکەی دەوام دەکەن، بۆيە بەناچاری و لەسەر داوای بەڕێوەبەرايەتیی پەروەردەی هەڵەبجە، 20 مامۆستا بە نەهاتوو هەژمارکران.
 
مونا، مامۆستای قوتابخانەکەيە و دەڵێت "سزاکانيش نامانگەڕێننەوە قوتابخانە."
 
مونا تەقی حەمەساڵح، مامۆستای دواناوەندیی بيارە لەنێو گردبوونەوەی مامۆستایانی ناڕازی قسەی بۆ رووداو کرد و، گوتی "ئێمە مامۆستايانی دواناوەندیی بيارە، هەموومان بايکۆتمان کردووە، نزیکەی بيست مامۆستاین هەموومان سزامان دراوین. ئێمە لە پەيجەکانی دیکەوە بڕياری سزاکەی خۆمان بينی. وا نەزانن بە سزادان دەگەڕێينەوە، رەنجی چەند مانگی خۆمان دەخەينە ژێر پێ."
 
مامۆستایەکی دیکەش دەڵێ "لەڕێگەی گرووپی قوتابخانەوە زانيومانە سزادراوين."
 
شاهۆ محەممەد، مامۆستایە و دەڵێ "ئێمە وەک يەکەم قوتابخانە لە پارێزگەی هەڵەبجە ناوی ئامادەنەبوونمان هاتەوە، دوێنێ لەڕێگەی گرووپەوە ئاگادارکراينەوە لەوەی لە کۆی 44 مامۆستا 21 مامۆستا سزادراوين."
 
پەروەردەی هەڵەبجە باس لەوە دەکات زياتر لە 60 قوتابخانە لە سنوورەکە کراونەتەوە و تێیاندا دەست بە خوێندن کراوە، لە هەمان کاتدا ئەو مامۆستايانەی ئامادەنين، بە نەهاتوو هەژمار دەکرێن.
 
دلێر مەحموود، سەرپەرشتياری پەروەردەی هەڵەبجە گوتی "پاش ئەوەی بڕياردرا دەست بە دەوامی قوتابخانەکان بکرێتەوە لە سنوورەکە، بە فەرمانێک ئاراستەی قوتابخانەکان کراوە بەوەی ئەو مامۆستايانەی دەوام دەکەن، يان دەوام ناکەن دياریبکرێن و، ليستێک دەرچووە کە سەرەتايە، ليستی ديکەشی بە دوادا دێت؛ کاتمان بەدەست نەماوە و نزيکەی 60 قوتابخانە جگە لە تايبەتەکان کراونەتەوە، دەبێت رێوشوێن بگیرێنەبەر."
 
لەماوەی پێنج مانگی بايکۆتی مامۆستايانی ناڕازی لە سلێمانی 2573 مامۆستا، لە گەرميان هەزار، لە راپەڕين 200 و لە هەڵەبجەش 150 مامۆستا بە ناهاتوو هەژمار کراون و چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا سزاکان زياتر بکرێن.