پارێزگاری هەولێر: کارەبای مزگەوت و بارەگا حیزبییەکانیشمان بڕیوە

رووداو دیجیتاڵ
 
چەند رۆژێکە لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە رێگەی چەند لیژنەیەکەوە هەڵمەتی بڕینی کارەبای سەرپێچی دەستیپێکردووە و پارێزگاری هەولێریش دەڵێت: " کارەبای مزگەوت و بارەگا حیزبییەکانیشمان بڕیوە و دەبێ ئەوانیش وەکو ماڵان کارەبایان هەبێ".
 
ئەمڕۆ دووشەممە 14.2.2022 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چەند رۆژێکە لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە رێگەی چەند لیژنەیەکەوە دەستمانکردووەتەوە بە هەڵمەتی بڕینی کارەبای سەرپێچی و گوتیشی: "بەشێکی ئەو ماڵانەی لە نزیک مزگەوت و بارەگا حیزبییەکاندان، کارەبایان بە سەرپێچی لەو شوێنانەوە راکێشاوە، بۆیە ئێمەش کارەبای ئەوانیشمان وەکو کارەبای ماڵان لێکردەوە".
 
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، سەرەتای هەڵمەتەکە لە سنووری بنەسڵاوە و دارەتوو بووە و کاریگەریی لەسەر زیادبوونی کاژێرەکانی کارەبا لەو سنوورە هەبووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 14-02-2022، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە هەڵمەتی بڕینی کارەبای سەرپێچییان دەستپێکردووە و رۆژانی داهاتووش بەردەوام دەبن.
 
هەڵمەتەکە لەلایەن لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی زێدەڕۆیی قایمقامیەتی هەولێرەوە دەستیپێکردووە و لەلایەن قایمقامەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
 
نەبەز عەبدولحەمید، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بڕێکی باش" کارەبای زێدەڕۆیان بڕیوە و چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکەن. قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە: "تیمەکان ئەرکی خۆیان بەبێ جیاوازی بەجێ دەگەیێنن".
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، لەم وەرزەدا خواست لەسەر کارەبا نزیكەی 7000 مێگاواتە، بەڵام بەرهەمهێنانی كارەبا نزیكەی سێ هەزار و 700 مێگاواتە و ئەوەش وایکردووە، پێدانی کاژێرەکانی کارەبا کەمبێتەوە.
 
هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "36%ی کارەبای هەرێمی کوردستان دەدزرێت".