دەروازەی کێلێ بە نێودەوڵەتی دەکرێت


رووداو - پشدەر

دەروازەی کێلێ، کە دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر لەسەر داوای خەڵک و کاری ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە نێودەوڵەتی دەکرێ و دەبرێتە وەزارەتی دەرەوەی عێراق. بەنێودەوڵەتیکردنی ئەو دەروازەیە مانای وایە، سوودی دەبێت و رێگە لە گواستنەوەی هەندێک کەلوپەل دەگیرێت بەقاچاخ، قایمقامی پشدەریش دەڵێت، لە ئەگەری بە نێودەوڵەتیکردنی، پێویستی بە چەندین فەرمانگە دەبێت کە لەو دەروازەیە بکرێتەوە.

لە نوێترین ھەوڵدا لەسەر پێشنیازی ھاونیشتمانیانی قەزای پشدەر پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەنێودەوڵەتیکردنی دەروازەی کێلێی گەیاندووەتە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵم وەرگرتووە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵیش نووسراوێک بۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق کراوە و ئەو وەزارەتە لەرێگای لیژنەیەکی تایبەت کار لەسەر بەنێودەوڵەتیکردنی دەروازەکان دەکات".

بەنێودەوڵەتیکردنی دەروازەی کێلێ لە سنووری قەزای پشدەر بۆ تەواوی ھەرێمی کوردستان سوەدی دەبێت، چونکە دووری ئەم دەروازەیە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان وەک یەکە، لە ئێستادا لەرێگای ئەم دەروازەیە ھەندێ کەلوپەلی بیناسازی دەھێنرێتە ھەرێمی کوردستان.لە بۆشایی بەنێودەوڵەتی نەبوونی دەروازەکەش رۆژانە لەرێگای قاچاغەوە کەلوپەل دەھێنرێت بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان.

بەرھەم ئەحمەد، قایمقامی قەزای پشدەر بە رووداوی گوت "بەنێودەوڵەتیکردنی دەروازەی کێلێ پێویستی بە کۆمەڵێک فەرمانگە ھەیە، کە ھەریەکە لە فەرمانگەی نشینگە و مانەوەو رێگاوبان و کۆنترۆڵی جۆری و کەرەتینەی کشتوکاڵی و بۆ کردنەوەی ئەو فەرمانگە لە کابینەی شەشەم بڕیاری کردنەوەی ھەندێکیان دراوە لە وەزارەتی پلاندانانە".

بەنێودەوڵەتیکردنی دەروازەی کێلێ پێویستی بە کردنەوەی چەند فەرمانگەیەک و قیرتاوکردنی رێگاکەی ھەیە و لە ئێستادا حکومەتی ھەرێمی کوردستان کار بۆ دابینکردنی ئەم پێداویستیانە دەکات، لەناو خاکی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وەکو ئامادەکارییەک بۆ بەنێودەڵەتیبوونی دەروازەکە بازاڕێکی بچووک لەلایەن ئەم وڵاتە درووستکراوە.