هۆبەی تۆماری شێرپەنجەی سلێمانی: پار 3310 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
هۆبەی تۆماری شێرپەنجەی پارێزگای سلێمانی، ئاماری ساڵی 2024ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سێ هەزار و 310 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون کە 201یان منداڵن.
بەپێی راپۆرتەکە، کە رۆژی سێشەممە، 14-1-2025 بڵاویکردووەتەوە، 6.10٪ی تووشبووانی شێرپەنجە منداڵن، 54.60٪یان لە رەگەزی نێر و 45.40٪یان لە رەگەزی مێ-ن.
لەبارەی دابەشبوونی تووشبووانیش، "91.8٪ی تووشبووانی شێرپەنجە خەڵکی سنووری سلێمانین، 5.9٪یان خەڵکی شارەکانی دیکەی عێراق و 2.4٪یان خەڵکی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون."
هۆبەی تۆماری شێرپەنجەی سلێمانی، باوترین جۆرەکانی شێرپەنجەی دیاریکردووە کە ئەمانەن:
شێرپەنجەی مەمک
647 کەس، کە دەکاتە 19.5٪
شێرپەنجەی سییەکان
233کەس، کە دەکاتە 7٪
شێرپەنجەی پرۆستات
174 کەس، کە دەکاتە 5.3٪
شێرپەنجەی کۆڵۆن
166کەس، کە دەکاتە 5٪
شێرپەنجەی غودە
158 کەس، کە دەکاتە 4.8٪
شێرپەنجەی مێشک
138 کەس، کە دەکاتە 4.2٪
شێرپەنجەی میزڵدان
120 کەس، کە دەکاتە 3.6٪
جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجە
1468 کەس، کە دەکاتە 44.4٪
رۆژی 29ـی ئەیلوولی 2024، د. هەورۆ تەها، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و سەرۆکی بەشی کەیسەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر بە رووداوی گوت، "هەرچەندە توێژینەوەی زۆر پێویستن بۆ سەلماندنی هۆکاری زیادبوونی شێرپەنجە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان پیسبوونی هەوا پێشەنگی هۆکارەکانە."
د. هەورۆ تەها دەڵێت: ''شێرپەنجەی سییەکان، مەمک، کۆڵۆن و پڕۆستات باوترین شێرپەنجەکانی تووشبووانی هەرێمی کوردستانن''.
لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەم هۆکارانەی خوارەوە کرد کە لە کەیسە تووشبووەکانی نەخۆشخانەی نانەکەلیدا گومان دەکرێت بەهۆیانەوە تووشی نەخۆشییەکە بووبن وەکو:
- جگەرە و نێرگەلە
- بۆماوەیی
- پیسبوونی هەوا
- بەساڵاچوون
- خۆراکی ناتەندروست