دواى رۆژێک لە دیاریکردنى، پشوویەکى کاکەییەکانى کەرکووک هەڵوەشێندرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک نووسراوێکی خۆی لەبارەی دەستنیشانکردنی رۆژێک پشوو بۆ کاکەییەکانی سنووری پارێزگاکە هەڵدەوەشێنێتەوە. پێشنیازی پشووەکە و داواکاریی هەڵوەشاندنەوەکەشی لەلایەن دوو کەسی کاکەیی کراوە.
 
محەممەد ئیبراهیم حافز، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 12ى کانوونى دووەم بڕیارێکى دەرکرد بۆ ئەوەى 14ى هەمان مانگ بکرێتە پشوو بۆ کاکەییەکان، بەڵام رۆژی دواتر، بڕیارەکەى هەڵوەشاندەوە.
 
ئەو نووسراوەى پێشتر بۆ پشووەکە دەری کردبوو، لەسەر بنەماى ئەوە بووە کە 14ى کانوونى  دووەمى 2025 جەژنى "قۆڵتاس"ى کاکەییەکانە.

 

 

 
بڕیارەکە لەسەر بنەماى داواکاریی هۆشیار هیجران هەڵوەشێنرایەوە کە ئەندامێکى کاکەیی ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووکە لە فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان. 
 
بە گوێرەى نووسراوى هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکە، سەرۆکى ئەنجوومەن ئاماژەى بەوەداوە کە لەبەر ئەوە بووە "کاکەییەکان هۆزن نەک پێکهاتە و بەشێکن لە ئاینزا موسڵمانەکان".
 
هۆشیار هیجران بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند: "هۆکارى داواکردنى هەڵوەشاندنەوەى ئەو پشووە ئەوە بووە کە ئەوان وەک کاکەیی هۆزن نەک پێکهاتە و لایەنێکى پەیوەندیداری کاکەییەکانیش داواى ئەو پشووەى نەکردووە."
 
هۆشیار هیجران گوتى: "یەکەمجارە ئەوە ببیستم کە کاکەییەکان جەژنێکیان بەناوى قوڵتاس هەبێت".

 

 
نووسراوى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لەسەر پێشنیازى هەژار رەشید بووە، کە چالاکڤانێکى کاکەیی کەرکووکە. 
 
رۆژی سێشەممە، 14ى کانوونى دووەمى 2025 ، هەژار رەشید بە رووداوی گوت: "ئەو جەژنەمان هەیە و یەکەمجار بوو بکرێتە پشوو، سێ رۆژە بەڕۆژووین ئێوارەى ئەمڕۆ جەژنى قۆڵتاس دەکەین".
 
زۆرینەى کوردى کاکەیی لە کەرکووک لە سنوورى قەزاى داقوق-ن،  لەپارێزگاکانى دیکەى هەڵەبجە لە هەرێمى کوردستان و نەینەواش هەن.