وەزارەتی ئەوقاف: هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت خاوەنەکەی سزا دەدەرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، لە زۆربەی هۆڵەکانی هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە رۆژێک پرسە بەڕێوەدەچێت کە خۆی دەبێت یەک رۆژ بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت، خاوەنەکەی بە تووندی سزا دەدەرێت."
رۆژی سێشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەیەکی زۆرە بڕیار دراوە لە هەرێمی کوردستان پرسە بکرێت بە یەک رۆژ. لە سلێمانی و دهۆک جێبەجێکراوە."
لە پارێزگای هەولێر نزیکەی 1000 مزگەوت هەن. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی: "بەشێکی زۆری مزگەوت و هۆڵەکانی هەولێر و دەوربەری ئەم بڕیارەیان جێبەجێ نەکردووە. بۆیە دوێنێ لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووینەوە و سوورین لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکەمان. هەر لایەنێک جێبەجێی نەکات، بە تووندی سزا دەدرێت."
بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل، "ئەم بڕیارە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان دراوە تاوەکو لەلایەنی مادی و دەروونیی خاوەن پرسە زۆر گوشاری لەسەر دروست نەبێت."
لە هەرێمی کوردستان 6250 مزگەوت هەن. لە شاری هەولێر نزیکەی 450 مزگەوت هەن.