رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى ناوخۆى عێراق لیژنەى لێکۆڵێنەوە لەسەر ژمارەیەک پۆلیسی فیدراڵى لە ئەنبار پێکدەھێنێت و دەیانداتە دادگە بە تۆمەتى ئەوەى کارى "ئاژاوەگێڕی و تێکدەرانە"یان کردووە.
ئەو بڕیارەی وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا بوو کە ئەمڕۆ هەینى 13ى کانوونى یەکەمى 2024 بڵاویکردەوە، دواى ئەوە بوو دیمەنى پێکدادانى ناو یەکەیەکى پۆلیس لە ئەنبار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە.
بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، وەزیری ناوخۆی عێراق، عەبدولئەمیر شمەرى، فەرمانیداوە بەوەى رێوشوێنى یاسایی لە دژى ئەو پۆلیسانە بیگرێتەبەر و لیژنەى لێکۆڵینەوەیان لەسەر پێکبهێندرێت.
رووداوەکە لە قەزاى گەرمە لە ئەنبار روویداوە و ئەو هێزەش کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت سەر بە فەوجى شەشى لیواى ئەرکى تایبەتى پۆلیسی فیدراڵین.
وەزارەتى ناوخۆ دەڵێت، "ئەو کارمەندانە ئاژاوە و کارى تێکدەرانەیان کردووە، بڕیاردرا ببرێنە دادگەى تایبەت تاوەکو سزا وەربگرن لە بەرامبەر پێشێلکردنى رێکارە کارپێکراوەکان".
وەزیرى ناوخۆى عێراق فەرمانى بە فەرماندەى پۆلیسی فیدراڵى داوە سەردانى شوێنى رووداوەکە بکات بۆ زانینی وردەکاریى رووداوەکە و دەشڵێت، وەزارەتى ناوخۆ هەموو هەڵسوکەوتێکى کەسیی کارمەندانى رەتدەکاتەوە و رێگەش نادات بە رەتکردنەوەى هەر بڕیارێک کە لایەنە پەیوەندیدارەکانى ئەو وەزارەتە دەریکردبن.
بەڤیدیۆ: بەهۆی فەرمانی گواستنەوەی ئەرکەکانیانەوە، ژمارەیەک پۆلیسی فیدراڵیی عێراق لە ئەنبار تەقە دەکەن و پشێوی دەنێنەوە
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 13, 2024
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، قبووڵی ناکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەن. pic.twitter.com/5d7OGFAHrw
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ