ئاسایشی سلێمانی: بکوژی شۆفێری تەکسییەکە دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، تۆمەتبارانی کوشتنی ئەو هاونیشتمانییەیان دەستگیرکردووە، کە دوای کوژرانی تەرمەکەی لە سندوقی تەکسییەکەیدا جێهێڵدرابوو.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 13-12-2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوای دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتباران و بە کەمتر لە 48 کاژێر، "دوو تۆمەتبار بەناوەکانی (ی، ک، ن) تەمەن 22 ساڵ و هاوکاری بکوژ بە ناوی (ز، ج، ح) تەمەن 31 ساڵ لە سلێمانی دەستگیر کران".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایش، "دوای دەستگیرکردن و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان، تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە؛ دەرکەوت تۆمەتباری سەرەکی بە چەکی جۆری دەمانچە بە چوار گولـلە لە نزیک گوندی (گڵەزەردە) هاووڵاتییەکە دەکوژێت و دواتر تەرمەکە دەکاتە نێو سندوقی ئۆتۆمبێلەکە و لەسەر رێگەی (سلێمانی - عەربەت) ئۆتۆمبێلەکە بەجێدەهێڵن و هەڵدێن".
11ـی ئەم مانگە تەرمی هاونیشتمانییەک بە ناوی ئومێد عەلی مستەفا، لە ناو ئوتۆمبێلەکەی خۆیدا، لەسەر رێگەی (عەربەت - سلێمانی) دۆزرایەوە و هەر ئەو کات هێزە ئەمنییەکان رایانگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
دوای رووداوەکە کەسوکاری ئومێد عەلی بە رووداویان گوت، "کوڕەکەیان هیچ کێشەیەکی نەبووە و کەسێکی بێوەی بووە".
ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بە هۆکار و پاڵنەری تاوانەکە نەکردووە و رایگەیاندووە، هەردوو تۆمەتبارەکە بە گوێرەی مادەی 406ـی تایبەت بە کوشتن لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.