کەمال محەممەد لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران: رۆژانە 8 بۆ 10 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران کە بەشێکی تایبەت بوو بە باسکردنی دۆخی کارەبا، رایگەیاند دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ئاسایی بووەتەوە و رۆژانە هەشت بۆ 10 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە.
بەپێی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 13-12-2023)ـی ئەنجوومەنی وەزیران کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا ئەو دەنگۆیانەی بە ناڕاست دانا کە هەرێمی کوردستان لە وزەی کارەبای بەرهەمهاتووی نیشتیمانیی خۆی، بە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەفرۆشێتەوە و، روونیکردەوە "بەرهەمی کارەبای هەرێم، دادپەروەرانە بەسەر سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت."
وەزیری کارەبا، راپۆرتێکی سەبارەت بە بارودۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و گرفتی کوژانەوەی گشتی لە سیستمی کارەبای هەرێم کە لە رۆژی 30-11-2023 روویدا، لە کۆبوونەوەکە خستووەتەڕوو.
کەمال محەممەد لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بهوه داوە "ئێستا، 3473 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنرێت و رەوشی کارەبای نیشتیمانی دوای کوژانەوەی گشتی، ئاسایی بووەتەوە و یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و کاژێرەکانی هەبوونی کارەبای نیشتیمانی لەنێوان 8 بۆ 10 کاژێرن".
ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەیدا وەزارەتی دارایی و ئابووری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستیيەکان و تەرخانکردنی بودجەی پێویست، وەزارەتی کارەباش راسپێردرا "بەردەوام بن لە هەوڵ و پڕۆژەکانیان بە ئاراستەی چارەسەركردنی کێشەکان بە مەرجێک بارگرانی لە ئەستۆی هاووڵاتییان دروست نەکرێت، هەروەها پێویستە وەزارەت برەو بە هەوڵەکانیان بدەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی وزەی کارەبای جێگرەوە پشتبەست بە سەرچاوەی پاک بەتایبەتیش سەرچاوەی وزەی خۆر."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا وەزیری کارەبا باسی سیستمی پریپەیدی پێدانی پارەی کارەبای کردووە.
وەزیری کارەبا ئەوەی خستووەتەڕوو "ئەم پڕۆژەیە لەسەر حیسابی هیچ پارێزگا و گەڕەک و ناوچەیەکی کوردستان نییە، بەڵکو وەزارەت بە دادپەروەرانە بڕی کارەبای بەرهەمهاتوو دابەشدەکات و ئەم پڕۆژەیە، تەنیا شێوازی پێدانی پارەی کارەبایە.''