ئەحمەد کانی: وەزارەتی ئەوقاف وەزارەتی هەموو ئایینەکانی نێو هەرێمی کوردستانە
رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد کانی، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێری حیزبەکەیەتی بۆئەوەی ببێتە وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و دەڵێت: "وەزارەتی ئەوقاف بەتەنیا وەزارەتی ئایینێک نییە و پەیوەستە بە هەموو ئایینەکانی نێو هەرێمی کوردستان."
رۆژی سێشەممە 13-12-2022، ئەحمەد کانی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە بەهرۆز فەرەیدوون، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "چاوەڕێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم فەرمانی دەستبەکاربوونم لە وەزارەتی ئەوقاف دەربکات. تا ئێستاش بە فەرمی هیچ وادەیەکیان بۆ ئەمە دیاری نەکردووە."
دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی ئەو حیزبەدا بڕیاردرا هەر ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە پۆستی حکومی و پەرلەمانی هەیە، دەبێ دەستبەرداری پۆستەکەی بێت.
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان یەکێک لەو کەسانە بوو کە وەکو ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی هەڵبژێردرا و ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان ئەحمەد کانی بۆ جێگرەوەی دەستنیشان کردووە.
ئەحمەد کانی لەبارەی پلانەکانی بۆ دەستبەکاربوون وەک وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێ: "پلان و رێنماییەکانی وەزارەتەکان دیارن. منیش لە چوارچێوەی ئەو رێنماییانەدا کاردەکەم و هەوڵ دەدەم خزمەتی زیاتری ئەم وەزارەتە بکەم."
ئەحمەد کانی دەڵێت: "وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بۆ هەموو ئایینەکانە. شانازی بە موسڵمانبوونی خۆمەوە دەکەم، بەڵام لە ئیسلامدا دەمارگیری نییە. ئیسلام ئایینێکە رێز لە هەموو ئایینەکانی دیکە دەگرێت."