پەیامی سوودانی لە هەولێر و سلێمانی؛ پێکهێنانی حکومەت 'بە خێرایی' و ناردنی مووچە 'بەمنزیکانە'

رووداو دیجیتاڵ

نەوت و مووچە، سەرژمێرى و دۆخى ناوچەکە، خێرا پێکهێنانى کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەیانییەکى زووى 13ـی تشرینى دووەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عیراقیان گەیاندە هەرێمى کوردستان، لە زۆربەى دیدارەکانیدا ئامادەى هاوکاری بوو بۆ قۆناخى دواى هەڵبژاردنى پەرلەمان. 
 
لە هەولێر، فەرشی سوور بۆ سوودانی راخرا، مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتی هەرێمى کوردستان  پێشوازی لێکرد و یەکەم کۆبوونەوەشی لەگەڵ ئەو بوو. بەگوێرەى نووسینگەى راگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى عێراق، بەشێک لە گفتوگۆکان لە بارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بوون، لەگەڵ هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، حکومەتى هەرێمى کوردستانیش رایگەیاند گفتوگۆیان لەبارەى مووچە و سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانیشەوە کردووە. 

 

 
موعین کازمى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە رووداوى گوت "لەو سەردانەدا، سەرۆکوەزیران روونکردنەوەی لەبارەى هۆکارە تەکنیکى و کارگێڕى و داراییەکان دەدات، کە رێگرن لەبەردەم ناردنى مووچە لەکاتى خۆیدا، سەرۆکوەزیران پەرۆشە بۆ ئەوەى ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت". 
 
وێستگەى دووەمى سەردانەکەى سوودانى، کۆبوونەوە بوو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان. 
 
سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، باسیان لە پێکهێنانی کابینەى نوێى حکومەت و دۆسییە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بارودۆخی ناوچەکە کردووە. بەگوێرەى نووسینگەى سوودانیش، جەخت لە یەکخستنى هەوڵەکان کراوەتەوە بۆ پاڵپشتى حکومەتى فیدراڵ لە جێبەجێکردنى کارنامەکەى و، هاوکاریکردن لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان.
 
دوو ساڵ بەسەر پێکهێنانى حکومەتى ئێستاى عێراق تێپەڕ بووە، بەراورد بە حکومەتەکانى رابردوو، ئەو حکومەتە تاوەکو نیوەى تەمەنى پەیوەندى لەگەڵ هەرێمى کوردستان سەقامگیرتر بووە. 
 
 
"هەنگاوی ئیجابی و باش نراون"، لە پەیوەندی و هاوئاهەنگییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەوە ئەو تێڕوانینە بووە کە بەگوێرەى راگەیێندراوى بارەگاى بارزانی، لە کۆبوونەوەى سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى جەختى لێکراوەتەوە، لە سێیەم وێستگەى سەردانەکەی دا بۆ هەرێمى کوردستان.
 
خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ى تشرینى یەکەم هەڵبژێردرا، پارتى 39 کورسی و یەکێتى 23 کورسی بەدەستهێنا.
 
سوودانى لە هەولێر سەردانى چەند لایەنێکى دیکەی سیاسی کرد بۆ پرسی پێکھێنانى حکومەت، بەوانەشەوە کە بڕیاریاریان داوە بایکۆتى پەرلەمان بکەن، کۆمەڵى دادگەرى یەکێک لەو لایەنانە بوو سەردانى کرد.
 
عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کە لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتى "بە بەڕێز سوودانیمان گوت، بەشداریی پەرلەمانێکی لەم شێوەیە ناکەین." 
 
 
سەردانەکەى سوودانى بەر لە هەفتەیەک بوو لە سەرژمێرى گشتیى دانیشتووان، کە بڕیارە لە رۆژانى 20 و 21ـی تشرینى دووەم بکرێت، هەرێمى کوردستان تێبینی لەسەر ئەو پرسە هەبوو.
 
حوسێن عەللاوى، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "سەرژمێریی گشتى زۆر گرنگە بۆ هەموو عێراق و عێراقییەکان و دامەزراوەکانى حکومەتى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان، سەرۆکوەزیران کار دەکات بۆ لادانى بەربەستەکانى بەردەمى، سەرژمێرى یەکێک بووە لەو پرسانەى لەو سەردانەدا گفتوگۆی لە بارەیەوە کراوە."  
 
دواى هەولێر، سوودانى سەردانى سلێمانى کرد، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانى کوردستان کۆبووەوە، هەڵبژاردن و پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستان، گەرمترین پرس بووە گفتوگۆیان لەبارەوە کردووە.
 
 
بەگوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانییەکەى، سوودانى هیواى خواستووە پێکهێنانى حکومەت "بەخێرایی بکرێت" و، ئامادەیی حکومەتى فیدراڵى پێشانداوە بۆ ئەوەى رۆڵ ببینێت لە نزیککردنەوەى تێڕوانینی لایەنە سیاسییەکان، بافڵ تاڵەبانیش پەرۆشى خۆى بۆ خێرایی پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشانداوە بەمەبەستى جێبەجێکردنى لێکتێگەیشتنەکان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ.
 
حوسێن عەللاوى گوتى "رۆڵى سەرۆکوەزیران بۆ سەقامگیرى ئابوورى و سیاسیى و ئەمنییە لە عێراق و پاڵپشتیکردنى رێچکەکانى سەقامگیریىە لە هەرێمى کوردستان، ئەوەش پەیوەندیدارە بە دەستەبەرکردنى مووچە، هاوکاریی هاوبەش بۆ رووبەڕبوونەوەى هەڕەشە ئەمنییەکان." 
 
ئەو سەردانەى سەرۆکوەزیران لەکاتێکدا بوو؛ مووچەى مانگى تشرینى یەکەمى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان تائێستا لەلایەن وەزارەتى دارایی فیدراڵەوە نەنێردراوە. 
 
 سوودانى لە سلێمانى بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێرى رووداوى گوت "بە ویستی خوا، لە نزیکترین کاتدا مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرین."