قایمقامی چەمچەماڵ: ئەمڕۆ خاوەنی 39 مۆلیدە دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوون بە پێدانی کاژێرەکانی کارەبا، دوێنێ شەو فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 39 خاوەن موەلیدە دەرچووە، بەیانیی ئەمڕۆ دەستگیرکران.
 
رۆژی چوارشەممە 13ی تشرینی دووەمی 2024، رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ شەو فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو خاوەن موەلیدانە دەرکرا، بەهۆی ئەوەی پابەندنەبوون بە پێدانی کاژێرەکانی کارەبا، ئەمڕۆ بەیانی سەرجەمیان دەستگیرکران."
 
قایمقامی چەمچەماڵ گوتی: "ئەوەی لەسەر ئێمە بوو سکاڵامان کرد و دەستگیرکران، ئەوەی دیکەش یاسا بڕیاری لەسەر دەدات."
 
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، خاوەنی موەلیدەکانی سەنتەری قەزای چەمچەماڵ بۆ ماوەی کاژێرێک کارەبایان کوژاندەوە؛ بۆیە قایمقامیەتی چەمچەماڵ سکاڵای لەسەریان تۆمارکرد و بە بڕیاری دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 39 خاوەن موەلیدە دەرچوو.
 
لە سنووری قەزای چەمچەماڵ زیاتر لە 80 موەلیدە هەن، ئەو کاتانەی کارەبای نیشتمانی نەبێت، کارەبا بۆ هاونیشتمانیان دابین دەکەن.