لە مێردین مینی پاسێک خۆی بە ماڵێكدا کێشا و سێ کەس بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، مینی پاسێک خۆی بە ماڵێکدا کێشا، لە ئەنجامدا سێ کەس بریندار بوون.
 
رووداوەکە درەنگانی شەوی رابردوو (یەکشەممە، 12-11-2023) لە گەڕەکی باهچەلیئەڤلەر لە شارۆچکەی قۆسەر لە پارێزگای مێردین روویدا؛ مینی پاسێک کە شۆفێرەکەی ناوی محەممەدە کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەستدا و خۆی بە ماڵێکدا کێشا. 
 
لە رووداوەکەدا دوو کەس لەنێو مینی پاسەکە و کەسێکیش لەنێو ماڵەکەدا برینداربوون.
 
بریندارەکان لەلایەن تیمە پزیشکییەکانەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە قۆسەر گوازرانەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان دۆخی تەندروستی یەکێك لە بریندارەکان ناجێگیرە. لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو و لە ئەنجامدا دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش بریندارببوون.