وەزارەتی خوێندنی باڵا: مانگانە نزیکەی 5 ملیار دینارمان بۆ دەرماڵەی خوێندکاران پێویستە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیێنێت، لە مانگی ئەیلوولەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا داوایکردووە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەرماڵەی خوێندکاران نوێبکرێتەوە، دەشڵێت، ئەمساڵ مانگانە نزیکەی پێنج ملیار دیناریان پێویستە بۆ پاڵپشتیی دارایی [دەرماڵە] خوێندکاران.
د. توانا نەجەف، سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان پێش دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن نووسراویان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ ئەوەی بڕیارەکەی ساڵی رابردووی تایبەت بە پاڵپشتیی دارایی خوێندکاران نوێبکرێتەوە.
ئەمڕۆ بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی لە نزیک باڵەخانەی پارێزگاری سلێمانی گردبوونەوە و داواکاریی سەرەکییان بە یاساییکردنی دەرماڵە و دابەشکردنیەتی. هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لە خۆپێشاندەران کرد و بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنیان دان، چەند خوێندکارێکیش بەو هۆیەوە تەندروستییان تێکچوو.
د. توانا نەجەف ئاماژەی بەوە دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو مانگانە نزیکەی 7 ملیار و 250 ملیۆن دیناری بۆ پاڵپشتیی دارایی خوێندکاران تەرخانکرد بوو، بەڵام ئەمساڵ کەمتر لەو بڕەیان پێویستە کە نزیکەی 5 ملیار دینارە.