لە برادۆست TNT بە 14 مانگادا تەقییەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی رۆژی شەممە لە چیای قەلەڕەشی گوندی دوستانای برادۆست TNT بە 14 مانگادا دەتەقێتەوە و ژمارەیەکیان مردار و ژمارەیەکیشیان بریندار دەبن. بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکان دەڵێت، تی ئێن تییەکە لەلایەن "گەریلاکانی پەکەکەوە" دانراوە.
 
حاجی سلێمان، موختاری گوندی دوستانا، کە خاوەنی مانگاکانیشە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ یەک لە مانگاکان بە ساخی دەربازی نەبووە، زۆربەیان مرداربوون و سێ-چوارێکیش بریندار بوون و سەربڕدراون".
 
سەبارەت بە زیانەکانیش، حاجی سلێمان زیانەکانی بە 20 ملیۆن دینار خەمڵاند.
 
موختاری گوندی دوستانا دەڵێت: یەکەم جار نییە مانگاکانی بچنە ناوچەکە بۆ لەوەڕ، بۆیە پێیوایە تی ئێن تییەکە تازە لە ناوچەکە دانرابێتەوە.
 
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکان لەو بارەوە بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی چەند ساڵەی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لە ناوچە سنووریەکانی برادۆست، ئەمە چەندەم جارە گوندنشین و کاسبکاران بەر مین و TNT بکەون کە بەم دواییانە دانراون".
 
ئیحسان چەلەبی گوتیشی: "ئەو TNTیەی ئەمجارە کە بە مانگاکاندا تەقیوەتەوە نوێیە و لەلایەن پەکەکەوە لە بەرزاییەکانی رۆبی و روار دانرابووەوە."