پارێزگای هەڵەبجە بۆ خانەنشینان: ئەوەی بایۆمەتری نەکات خۆی بەرپرسە لە مووچەی مانگی نۆ


رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، هەموو خانەنشینانی سنووری پارێزگاەکە دەبێت UPNیان هەبێت، ئەگەرنا خۆیان بەرپرسیار دەبن لە مووچەی مانگی نۆ.

رۆژی یەکشەممە، 13-10-2024، پارێزگای هەڵەبجە لە ئاگادارینامەیەکدا رایگەیاند: "ئاگاداری هەموو خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و خانەنشینی هێزی 70ی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و شارەزوور دەکەین، ئەوانەی UPNیان نییە، لە ماوەی دوو رۆژدا سەردانی بانکی هەڵەبجە و بانکی سەیدسادق بکەن بۆ دروستکردنی UPN."
 
لیوا ئەحمەد لەتیف، لێپرسراوی راگەیاندنی یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە لەوبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێویست بوو کە هەموویان تائێستا بایۆمەتری UPNیان هەبووایە، بەڵام پێویستە لە دوو بۆ سێ رۆژی داهاتوودا هەموو خانەنشینان بایۆمەتری UPNیان کردبێت."
 
پارێزگای هەڵەبجە هۆشداری داوەتە ئەوانەی بایۆمەتری ناکەن و رایگەیاندووە، ئەوانەی سەردان ناکەن، خۆیان بەرپرسن لە مووچەی مانگی 9.
 
داواش لە خانەنشینان دەکات، ئەو پێداویستییەیان پێ بێت:
 
- کارتی نیشتمانی یان ناسنامەی باری شارستانی
- پێناسی خانەنشینی و بارکۆدی بایۆمەتری ئەگەر هەیانبوو.
 
لە راپۆرتێکی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کە لە 21-7-2024 بۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان ناردووە هاتووە: 9730 خانەنیشی پێشمەرگەی یەکەی 70 لە لیستی مووچەدا ناویان تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە 2795 کەس بایۆمەتریان نییە. هەروەها 12 هەزار و 698 خانەنیشی پێشمەرگەی کەم ئەندامی و شەهیدانی یەکەی 70 ناویان لە لیستی مووچە تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە 6551 کەسیان بایۆمەتریان نییە.