رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان بۆ ماوەی یەک هەفتە قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوە راگەیێندرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کە لهلایهن پارێزگای مێردین بڵاوكراوهتهوه، لە کاژێر 00:01ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 13ی تشرینی یەکەمی 2023 تاوەکو کاژێر 00:00ی رۆژی پێنجشەممە 19ی تشرینی یەکەم، بۆ ماوەی حەوت رۆژ لە ناوەندی شار و شارۆچکەکانی مێردین هەموو جۆرە گردبوونهوه، خۆپێشاندان، رێپێوان و مانگرتن، ههڵدانی چادر و چالاكییەکی دیکە قهدهخەیە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە مەبەستی پاراستنى بنەما سەرەكييەكانى كۆمار، يەكپارچەيى جيانەكراوهى دەوڵەت و نەتەوە، پێشێلنەکردنی ماف و ئازادیى ئەوانى ديكە، ئاسايشى خەڵك و بەرقەراركردنى ئارامى، رێگرتن لە تاوان، پاراستنى ماف و ئازادیی خەڵك، رێگرتن لە هەر رووداوێكى نەخوازراو، بڕیاری قەدەخەی خۆپیشاندان و گردبوونەوە دراوە."
بڕیاری قەدەخەکردنەکە ئەو چالاکییە فەرمییانە ناگرێتەوە، کە لەلایەن پارێزگار و قایمقامەکانەوە مۆڵەتیان پێدەدەرێت.
راگەیاندنی قەدەخەکردنی خۆپێشاندان و گردبوونەوە لە مێردین لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە لە پارێزگاکانی ئامەد، دێرسم، موش، دیلۆک، چەولیگ و چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستان قەدەخە راگەیێندرا.
ماوەی چەند ساڵێکە بە هۆکاری جۆراوجۆری ئەمنی قەدەخەکردن لە چەندین ناوچەی باکووری کوردستان راگەیێندراوە و ماوەی ئەو قەدەخەکردنانەش بەردەوام درێژدەکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ