لاهوور شێخ جەنگی: لەگەڵ هاوپەیمانان و وڵاتان هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی بکەرانی کوشتنی هاوکار جاف سزابدرێن
رووداو دیجیتاڵ
لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، خۆشحاڵە کە دەبینێت کەیسی "تیرۆرکردنی" هاوکار جاف جیاوازتر و لە کەیسی تیرۆرکردنی "موراد و هاوڕێکانی" رێڕەوی راستی خۆی وەرگرتووە. دەشڵێت، لەگەڵ هاوپەیمانان و نوێنەرانی دیپلۆماسیی وڵاتان لەسەر هێڵن بۆئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەوانە بگیرێتەبەر کە لەو "تاوانە قێزەونە تێوەگلاون."
نیوەڕۆی رۆژی هەینی، 7-10-2022، لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر "دوو بۆمب" بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا هاوکار عەبدوڵڵا گیانی لەدەستدا. لەو رووداوەدا خوشکێکی عەقید هاوکار کە لەگەڵ دوو منداڵ و هاوژینی ئەو ئەفسەرە کە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، برینداربوون.
رۆژی چوارشەممە، 12-10-2022، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لە "رووداوە تیرۆریستییەکە" بڵاوکردەوە و گوتی، شەش کەس تۆمەتبارن و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دەرکەوتووە "ئەم کردەوە تیرۆریستییە لەلایەن تیمێکی دژە تیرۆری سلێمانی ئەنجامدراوە بە فەرمانی راستەوخۆی (وەهاب مەجید باقی، ناسراو بە وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دژە تیرۆری سلێمانی) و (کارزان محەممەد رەشید، بەرپرسی هەواڵگری دژە تیرۆری سلێمانی)."
لاهوور شێخ جەنگی دەستخۆشیی لە هێزە ئەمنییەکان دەکات کە توانییان لە ماوەیەکی کەمدا "بکەرانی ئەو تاوانە" بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن و دەشڵێت، "لە ئێستاشدا لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان و نوێنەری دیپلۆماسیی وڵاتان لەسەر هێڵین بۆئەوەی هەموو رێکارێکی یاسایی بگیرێتەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون لەم تاوانە قێزەونە تیرۆریستییە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا لاهوور شێخ جەنگی دەشڵێت، هەوڵەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەردەوام دەبن بۆ "رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کەتنی لەم جۆرە کە نەک تەنیا شەهید هاوکاریان کردە ئامانج، بەڵکو دەستیان برد بۆ خێزان و منداڵەکانیشی."
لاهوور شێخ جەنگی بەشێکی راگەیێندراوەکەی ئاراستەی "دڵسۆزەکانی نێو دەزگای دژەتیرۆر" و هێزە ئەمنییەکانی دیکە کردووە و دەڵێت، "دڵنیام زۆرینەتان دڵسۆزی خەڵک و خاکەکەتانن. لە رابردووشدا بە گیانفیدایی و ئازایەتیی خۆتان سەلماندووتانە، هەروەک لە دوواین کۆبوونەوەم لەگەڵ ئێوەدا پێمڕاگەیاندن کە رێگەنەدەن هیچ کەس و لایەنێک ناو و ناوبانگتان لەکەدار بکەن، چونکە ئێوە ئەو پلەیەتان بە خوێن بەدەستهێناوە، نابێت لە پێناو پۆست و پارە لەدەستی بدەن، لە ئێستادا هەرگیز رێگەمەدەن بەو کەسانەی کە لە دوای کەتنەکەی 8ی تەممووزەوە لەپێناو پۆست و پارە خۆیان فرۆشت، چیتر ناو و ناوبانگتان لەکەدار بکەن."