مەسرور بارزانی بەردی بناخەی پردی دەربەندی رانیە دادەنێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کاژێر 11:00 سەردانی رانیە دەکات و بەردی بناخەی پردی دەربەندی رانیە دادەنێت. 
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا لەبارەی سەردانەکەیەوە دەڵێت، دانانی بەردی بناخەی ئەو پردە بە گوژمەی نۆ ملیۆن دۆلارە. بەو کارەش مەبەستیانە هاوکاریی ئیدارەی راپەڕین بکەن لە دەرخستنی توانای ئابوورییەکانی.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە یەکەم سەردانیەتی لە کاتی دەستبەکاربوونییەوە وەک سەرۆکوەزیران بۆ ئیدارەی راپەڕین، ئاماژەی بەوەشکردووە، بە پەرۆشە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێی لە خەڵکی رانیە بێت، "بۆئەوەی بزانین دەتوانین چی دیکەیان بۆ بکەین". 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی پرۆژەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پردی دەربەندی رانیە، پرۆژەیەکی "گرنگ و ستراتیجییە" لە دەڤەری راپەڕین کە بە گوژمەی 10 ملیار و 300 ملیۆن دینار ئەنجام دەدرێت.
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی حکومەت، ئەو پردە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیانی دەڤەری راپەڕین دەکات و لەڕووی بازرگانیشەوە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ جووتیارانی ئەو ناوچەیە بۆ گواستنەوەی بەروبوومەکانیان و گەیاندنی بە بازاڕەکان.
 
بڕیارە هەر ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "ئەنجامدانی چەندین پرۆژەی دیکەش لە سنووری دەڤەری راپەڕین" رابگەیێنێت.

 

 
پەیامنێری رووداو چووەتە رانیە و بەشێک لە هاونیشتمانیانی دوواندووە، بەشێکی زۆری هاونیشتمانیان داوای جیاوازیان لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەیە، لەنێویاندا،چاککردنی دووسایدی رانیە، دابینکردنی نەوت و هاوکاریکردنی کەرتی تەندروستی.