سیستمى کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن؛ ئەو بەربژێرانەى دەنگیان وەک یەکە تیروپشکیان بۆ دەکرێت

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

سیستمى کۆمیسیۆن بۆ هەژمارکردنى دەنگى بەربژێران لەسەر بنەماى زۆرینە دەبێت. ئەگەر دوو بەربژێر یەکسان بوون لەدەنگدا تیروپشکیان بۆ دەکرێت، بەربژێرى پێکهاتەکان بۆ کورسیی گشتى براوە بێت، لە کورسی کۆتاکانیان کەم ناکاتەوە.
 
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق سیستمى دابەشکارى کورسییەکان و جێگۆڕکێى ئەندامانى پەرلەمانى کوردستانى بڵاوکردەوە، کە 9ى ئەیلوول لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنەوە پەسند کراوە. 
 
ئەو سیستمە بۆ هەژمارکرددنى دەنگى بەربژێرانە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە بە سیستمى "هێر" ناسراوە.  
 
زۆرترین دەنگ براوەیە
 
بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەربژێرانى سەربەخۆ، کۆتای پێکھاتەکان، لیستى پارتە سیاسییەکان رکابەرى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسی، پێنج-یان بۆ کۆتای کریستیان و تورکمانە و یەکەمجاریشە بە شێوەى فرە بازنەیی بەڕێوەبچێت. 
 
بەگوێرەى ئەو سیستمەى کۆمیسیۆن، سەرجەم دەنگە دروستەکانى هەڵبژاردن لە هەر بازنەیەک کۆدەکرێتەوە و دابەشی ژمارەی کورسییەکانى ئەو بازنەیە دەکرێت، ئەو ژمارەیەى دەردەچێت نرخى کورسی دەبێت لەو بازنەیە، بەگوێرەى ئەوەش براوەکانى هەڵبژاردن دیاری دەکرێن. 
 
یەکێکى دیکە لە رێکارەکانى ئەو سیستمە ئەوەیە ئەگەر سەرجەم بەربژێرانى لیستێک توانیان کورسى بەدەستبهێنن، هیچ دابەشکارییەکى دیکەى دەنگى بۆ ناکرێت. 
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەگەر هەیە ئەو کێشەیە نەیەتە رێگەى کۆمیسیۆن چونکە کەمترین بەربژێر لە نێو لیستەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان 10 بەربژێرە و زۆرینەیان زیاتر لە ژمارەى کورسی ئەو بازنەیەیان هەیە کە بەشداریى تێدا دەکەن. 
  
لەدواى دابەشکردنى کورسیی بەدەستھاتوو بەسەر بەربژێراندا، ئەو کورسیانەى دەمێننەوە کە هیچ بەربژێرێک نەیتوانیوە بەگوێرەى نرخى کورسی بەدەستى بهێنێت، دەدرێت بەو بەربژێرانەى زۆرینەى دەنگیان بەدەستهێناوە لەنێو ئەو بەربژێرانەى نەیانتوانیوە بگەنە ئاستى بەدەستهێنانى دەنگى پێویست بۆ مسۆگەرکردنى کورسی. ئەگەر کورسییەک یان زیاتر بە بەتاڵى مایەوە و دەنگى بەربژێرانى دوو لیست یان زیاتر یەکسان بوون بۆ بەدەستهێنانى، کۆمیسیۆن تیروپشک بۆ ئەو لیستانە دەکات کە دەنگی بەربژێرەکانیان یەکسانە.
 
بەگوێرەى سیستمەکەى کۆمیسیۆن، ریزبەندیى بەربژێران لە نێو لیستەکاندا پەیوەستە بە ژمارەى ئەو دەنگانەى بەدەستیانهێناوە و بەپێى ئەو ریزبەندییەش ئەو کورسیانەیان بەسەردا دابەش دەکرێت کە لیستەکە بەدەستى هێناوە، ئەگەر دوو بەربژێر لە یەک لیستدا دەنگەکانیان یەکسان بوو، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان تیروپشکیان بۆ دەکات. 
 
چۆن ژن جێگەى پیاو دەگرێتەوە؟  
 
لە کۆى 100 کورسییەکەى پەرلەمان دەبێت 30 یان بۆ کۆتای ژن بن، زۆرینەیان لە سنوورى پارێزگاى سلێمانییە کە 11 ژنن و بە دوایدا هەولێر دێت کە پشکەکەى 10 ژنە. 
 
لەو سیستمەى کۆمیسیۆندا هاتووە، ئەگەر لە هەر بازنەیەکى هەڵبژاردندا نەتوانرا 30%ى کورسییە بەدەستهاتووەکان بە ژن پڕبکرێتەوە، بەربژێرە سەرکەوتووەکانى پیاو دەگۆڕدرێن بۆ ژن بۆ ئەوەى رێژەى کۆتاى ژن پڕ بکرێتەوە، دەبێت گۆڕانکارییەکە لە هەمان لیست بێت، کە ژنەکەى تێدا سەردەخرێت.
 
ئەگەر هەر لیستێک سێ کورسی بەدەستبهێنێت دەبێت یەکێکیان ژن بێت،  ئەگەر لە هەر بازنەیەک 30%ى بەربژێرە دەرچووەکانى بەگوێرەى نرخى کورسی ژن نەبوون، لەو لیستانەدا کە دوو کورسیان بەدەستهێناوە یەکێکیان دەگۆڕێت بە بەربژێرێکى ژن لە هەمان لیست، ئەگەر بەوەش رێژەى ژن لەو بازنەیە پڕ نەبووەوە، ئەو لیستەى یەک کورسیی بەدەستهێناوە دەگۆڕدرێت بەکۆتای ژن. 
 
عیماد جەمیل گوتى: "هەر بەربژێرێکى ژن زۆرترین دەنگى بە دەستهێنابێت و سەرکەوتنى مسۆگەر نەکردبێت، بۆ پڕکردنەوەى رێژەى ژنان لە نێو لیستەکەیدا جێگەى بەربژێرێکى پیاو دەگرێتەوە کە لە لیستەکەى براوە بووە بۆ ئەو لیستانەى دوو یان یەک کورسی پیاویان بەدەستهێناوە".  
 
ئەو ژنانەى لە بازنەیەکى هەڵبژاردن بەدەنگى خۆیان دەردەچن لە لیستى کراوەبن یان سەربەخۆ، کورسیەکانیان بە کورسی کۆتا هەژمار دەکرێت.
 
لە سیستمەکەى کۆمیسیۆندا هاتووە کە ئەو ژنانەى وەک بەربژێرى کۆتاى پێکهاتەکان بەشدار بوون و دەرچوونیان مسۆگەر کردووە لە رێکارەکانى دیاریکردنى کۆتاى ژندا نابن. 
 
ژمارەى پێکهاتەکان لە پەرلەمان زیاد دەکات؟
 
ئەگەر بەربژێرى یەکێک لەو پێکهاتانە، کورسی گشتى بەدەست بهێنێت لەو 95 کورسییەکە، کاریگەریى نابێت لەسەر ژمارەى کورسیى کۆتاکان، براوەى هەر بەربژێرى کۆتایەک لە بازنەى خۆیدا لەسەر بنەماى بەدەستهێنانى زۆرترین دەنگ دەبێت، ئەگەر دەنگەکانیان یەکسان بوون تیرو پشکیان بۆ دەکرێت. 
 
یەکێک لە خاڵەکانى دیکەى ئەو سیستمە ئەوەیە کە ئەگەر یەکێک لە کورسى پێکھاتەکان بەهەر هۆکارێک چۆڵ بێت، ئەو بەربژێرە دەچێتە جێگەى کە لە دواى ئەو زۆرترین دەنگى بەدەستهێناوە بەو مەرجەى لەهەمان پێکهاتە بێت، ئەگەر ئەو کورسییەش کە چۆڵ دەبێت، ژن بووبێت  مەرج نییە ژن جێگەى بگرێتەوە بە مەرجێک کاریگەریى لەسەر رێژەى  ژن نەبێت لە بازنەکەى خۆیدا.