فەرمانبەرێکى پێشووى دەستەى دەستپاکى هەڵاتووە و داواى 625 ملیۆن دینارى لێدەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
فەرمانبەرێکى پێشووى دەستەى دەستپاکى بە حەوت ساڵ بەندکردن سزا درا و دادگە ناچارى کردووە 625 ملیۆن دینار بگەڕێنێتەوە کە بە "ناڕەوا" دەستیکەتووە، دواى ئەوەى دەرکەوتووە دوو شوقەى لە تورکیا کڕیوە.
13ى ئەیلوولی 2024، دەستەی دەستپاکیی عیراق، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، دادگەى بنەبڕکردنى گەندەڵى ئەو سزایانەى لە دژى بەشیر سەباح هادى، فەرمانبەرى پێشووى دەستەکە دەرکردووە کە هەڵاتووە.
جگە لە حەوت ساڵ بەندکردن، ئەو فەرمانبەرەى پێشووى دەستەى دەستپاکى ناچار کراوە 625 ملیۆن و 400 هەزار دینار بگەڕێنێتەوە، وەک بڕى ئەو پارەیەى کە بە "ناڕەوا" پەیدای کردووە.
دەستەى دەستپاکى ئاماژەى بەوەدا، بەشیر سەباح هادى دوو شوقەى لە تورکیا کڕیوە، ئەوە جگە لەوەى زێڕ و بڕە پارەیەکى واى هەبووە کە لەگەڵ داهاتى ئاسایی خۆیدا ناگونجێت و هیچ بەڵگەنامەیەکى پێشکێش نەکردووە کە بیسەلمێنێت ئەو پارەیەى بەشێوەیەکى رەوا دەستکەوتووە.
دادگەى بنەبڕکردنى گەندەڵى، فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ ئەو فەرمانبەرەى پێشووى دەستەى دەستپاکى دەرکردووە و فەرمانەکەى ناردووە بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندارەکان.
بەشیر سەباح هادى، لە ساڵى 2022 لە دەستەى دەستپاکیى عێراق دەرکراوە، بەر لەوە یاریدەدەرى سەرۆکى پشکنەران بووە لە فەرمانگەى لێکۆڵینەوەى دەستەکە، ئێستا ناوى لە لیستى داواکراوانى رەنگى سوورى پۆلیسی نێودەوڵەتى ئینتەرپۆل هەیە.