وەزیری پەروەردە: ئەمساڵ زۆرترین قوتابیی پۆلی یەکی بنەڕەتی تۆمارکراون

رووداو دیجیتاڵ

ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاشکرای کرد، ئەمساڵ زیاترین قوتابیی پۆلی یەکی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
 
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە قوتابخانەیەکی هەولێر بەبۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2023 - 2024 گوتارێکی پێشکێشکرد، کە تێیدا ئاماری قوتابییانی پۆلی یەکی سەرەتایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەمساڵ زۆرترین ژمارەی قوتابییان لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تۆمارکراون کە 158 هەزار قوتابییە و ژمارەی سەرجەم قوتابییانی هەرێمی کوردستانیش ملیۆنێک و 923 هەزار قوتابییە (لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکاندا)".
 
ئالان حەمەسەعید گوتی، "لە دوو مانگی رابردوودا هەشت قوتابخانەی نوێ لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە و تاوەکو کۆتایی شوباتی 2024ـیش 22 قوتابخانەی نوێی دیکەی حکومی دەکرێنەوە."
 
وەزیری پەروەردە رایگەیاند "لە هاوینی ئەمساڵدا 107 قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە و 127 ژووری نوێی خوێندن لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی دروستکراون و 20 هەزار کورسیش پێشکێش بە ناوەندەکانی خوێندن کراون، هەروەها 20 ملیۆن کتێب بۆ قوتابییان چاپکراون".
 
دوای راگەیاندنی ئامارەکان لەلایەن وەزیری پەروەردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و سوپاسی مامۆستایانی کرد کە نەیانهێشتووە سەرباری ئەو دۆخە داراییەی هەیانە، خوێندن لە هەرێمی کوردستان پەکی بکەوێت.