سێ تووشبووی کۆلێرا لە دهۆک تۆمارکران

رووداو دیجیتاڵ

لەدوای ئەوەی پشکنین بۆ حەوت گومانلێکراوی کۆلێرا کرا، دەرکەوت سێ لەوانە تووشبووی کۆلێران؛ دوو لەوانە خەڵکی زاخۆن و یەكێکیان دانیشتووی دهۆکە.  دوو لەوانە لە نەخۆشخانە چارەسەری وەردەگرن. پشکنین بۆ 50 کەسی دیکەش کراوە و چاوەڕێی ئەنجامن.
 
یەكێک لە تووشبووان باسی دۆخی تەندروستیی بۆ رووداو دەکات و دەڵێت، "نانمان خوارد، تەندروستیمان تێکچوو. بۆ ئێوارە دۆخی تەندروستیمان تەواو خراپ بوو. کاژێر 12:00ی شەو ئێمەیان بردە نەخۆشخانەی شێخان." 
 
تاوەکو ئێستا سەوزە لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت و قەدەخە نەکراوە؛ لە خواردنگەکانیش هەموو جۆرە سەوزەیەک دادەنرێت و هیچ رێنماییان بۆ دەرنەکراوە. 
 
عەبدولعەزیز تاهیر، خاوەنی خواردنگەیەکە لە دهۆک و دەڵێت، "تاوەکو ئێستا هیچ رێنماییمان بۆ نەهاتووە، ئێمە سەوزەکەمان پاکدەکەینەوە و زیاتر دەیشۆین. بە مادەیەک پاکی دەکەینەوە، پێی دەگوترێت بەرمەنگەنات. ئێستا سەوزەکە پاکترە، بەڵام هەرکاتێک رێنماییمان بۆ هات، سەوزەکە دانانێین و قەدەخەی دەکەین."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی هاوکاربن لە کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیی کۆلێرا. 
 
دکتۆر سەگڤان حەسەن، بەرپرسی بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆک دەڵێت، "لەم دوو رۆژەی دواییدا، ژمارەی تووشبووانی کۆلێرا زیادبوونە. ئەو گومانلێکراوانەش کە سامپڵمان لێوەرگرتوون، لە یەک دوو رۆژدا ئەنجامەکەیان دەردەچێت و چاوەڕواندەکرێت ژمارەی تووشبووانی کۆلێرا وەکو پارێزگاکانی دیکە زیاد بێت. نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کۆن لە نەخۆشخانەی ئازادی تایبەتکراوە بە وەرگرتنی نەخۆشانی کۆلێرا کە 40 قەرەوێلە لەخۆدەگرێت. ئەگەر ژمارەی تووشبووان هەڵکشا، نەخۆشخانەی ئازادی و شوێنی دیکە بەکاردەهێنین." 
 
لە پارێزگای دهۆک، 21 کەمپی ئاوارە و پەنابەران هەن، کەمپی بێرسڤ یەکێکە لەو کەمپانەی لە شوێنی ئاودەستی هاوبەشیان هەیە. هەر 20 بۆ 50 خێوەت یەک توالێتیان هەیە.