پەروەردەی تلکێف: سەرجەم قوتابیانی کوردی ئێزدی زمانی کوردییان هەڵبژاردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پەروەردەی کوردی لە قەزای تلکێف دەڵێت، زیاتر لە 10 هەزار قوتابیی کورد لە 53 قوتابخانەی تلکێف بە زمانی کوردی دەخوێنن. دەشڵێت، "هیچ کوردێکی ئێزدی لە سنوورەکەمان بە زمانی عەرەبی ناخوێنێت."
رۆژی دووشەممە 12-09-2022 سلێمان حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی کوردی لە تلکێف میوانی بوولتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و رایگەیاند، "لە پەروەردەی تلکێف لەدوای رووخانی رژێمی بەعسەوە دەستکراوە بە خوێندن بە زمانی کوردی و پرۆگرامی خوێندنیش هەمان ئەو پرۆگرامەیە کە لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەیە."
سلێمان حەجی ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ناحیەی ئەلقووش و تلسقۆفی سەر بە پەروەردەی تلکێف، نۆ قوتابخانەی کریستیانەکانی لێیە و خوێندن تێیاندا بە زمانی عەرەبییە، ئەو قوتابخانانەی سەر بە پەروەردەی هەرێمی کوردستانن و 53 قوتابخانەن لە قەزای تلکێف، خوێندن بە زمانی کوردییە."
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کوردی لە تلکێف، ئەمساڵ 750 قوتابیی پۆلی یەک لە تلکێف بۆ خوێندنی کوردی ناویان تۆمارکراوە و بەگشتی 10 هەزار و 50 قوتابیی کورد لە قەزاکە دەخوێنن.
بەڕێوەبەری پەروەردەی کوردی لە تلکێف دەڵێت، "لە تلکێف قوتابخانەی عەرەبی سەر بە پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام تەنیا کریستیانەکان تێیدا دەخوێنن، ئەگینا سەرجەم کوردەکان بە زمانی کوردی دەخوێنن و حەز و خولیایان بۆ عەرەبی نییە."
لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم خوێندن بە زمانی کوردی لە ناوچەکەیان سلێمان حەجی دەڵێت، هیچ کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە و هەماهەنگییەکی باشیان لەگەڵ پەروەردەی موسڵ هەیە، "داوای دروستکردنی حەوت قوتابخانەمان کردووە، پێشتر هەندێک گوند قوتابییان کەم بووە و لە سیستمی خوێندن ئەگەر شوێنێک کەمتر لە 15 قوتابیی هەبێت قوتابخانەی لێ دروستناکرێت، بەڵام ئێستا ژمارەی قوتابی لەو گوندانە زۆر بووە."
بەڕێوەبەری پەروەردەی تلکێف ئاماژەی بەوەش کرد، "هەرچەندە پەروەردەی گشتی بە کابینە کۆمەڵێک قوتابخانەیان لەو گوندانە بۆ دروستکردووین و تاڕادەیەک کێشەکە چارەسەر بووە، بەڵام دەمانەوێت دوو دەوام و سێ دەوام لە قوتابخانەکان نەمێنن و بۆ چارەسەری ئەو گرفتەش پێویستمان بەو حەوت قوتابخانەیە."