لادانى دەستەى وەبەرهێنانى کەرکووک کێشە دەخاتە نێوان راکان جبووری و یەکێتییەوە
رووداو دیجیتاڵ
نووسراوێکی پارێزگاری کەرکووک تایبەت بە لادانى سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى کەرکووک، ناکۆکى لەگەڵ یەکێتى دروست دەکات. ئەندامێکى فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنى پارێزگاکە پێى وایە نووسراوەکە "نایاساییە".
راکان جبووری، پارێزگارى کەرکووک بەوەکالەت لە 6ى حوزەیراندا نووسراوێکى ئاراستەى سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى کەرکووک کردووە و تێیدا ئاماژەى بەوەداوە کە واژۆى 9 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگا کۆکراوەتەوە و داوا دەکات کارى ئەنجوومەنى دەستەکە رابگیرێت و دەنگ بە هیچ پڕۆژەیەک نەدرێت تاوەکو کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا دەکرێت و دەنگ لەسەر سەرۆک و ئەندامانى نوێى دەستەکە دەدرێت.
لە نووسراوەکەدا راکان جبوورى داوای کردووە لە 6ى حوزەیرانەوە کاری پێویست بۆ راگرتنى کارى دەستەى وەبەرهێنان بکرێت بەو پێیەى "واژۆى ئەو نۆ ئەندامە ماناى کشانەوەى متمانەیە" لە کارگێڕیى دەستەکە و نابێت چی دیکە هیچ فەرمانێکى کارگێڕى دەربکەن و ناتوانن مۆڵەتى وەبەرهێنانیش بدەن.
دلێر زێدان، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى کەرکووکە لە پشکى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان. ئەو پرسە ناڕەزایەتى ئەو حیزبەى لێکەوتووەتەوە.
پەروین فاتیح، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە پشکى یەکێتى ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو واژۆ کۆکردنەوەیە و نووسراوەکە نایاساییە چونکە ئەنجوومەن کۆبوونەوەى نەکردووە. هەر کات کۆبوونەوەى کرد، ئیدی ئەو پۆستانە بە گوێرەى پشکى لایەنەکان دابەشدەکرێن".
پەروین فاتیح ئاماژەى بەوەشدا کە لادانى سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان لە دەسەڵاتى ئەنجوومەنى پارێزگا نییە و ئەو ئەنجوومەنە دەتوانێت راسپاردە بۆ دەستەى نیشتیمانیى وەبەرهێنانى عێراق بەرزبکاتەوە بۆ لادانى.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو دەستى کەوتوون،کێشەى تایبەت بە دەستەى وەبەرهێنانى کەرکووک بەهۆى گرێبەستێکى دانانى قەپانی کێشان بووە لە بازگەکان کە لەلایەن کارگێڕیى پارێزگاوە کراوە.
دلێر زێدان، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى کەرکووک، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رووداوى گوت: " 12ى حوزەیران نووسراوەکەم بەدەست گەیشت و ناردوومە بۆ پەرلەمان، ئەمیندارێتى ئەنجوومەنى وەزیران و دەستەى گشتى وەبەرهێنان بۆ ئەوەى بۆچوونیان لەو بارەیەوە بزانم".
بەگوێرەى یاسا، 5ی شوبات دوا وادە بوو بۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لەسەر داواى پارێزگار. کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە پێویستى بە ئامادەبوونی زۆرینەیە کە نۆ ئەندامە.
کۆنەبوونەوەى ئەو ئەنجوومەنە بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانە لەسەر حکومەتى خۆجێیی و پێشنیاز هەیە دواى جەژن یەکەم کۆبوونەوە بکرێت.