نێچیرڤان بارزانی: پێشوازی لە پەسندکردنی بودجەی سێ ساڵی عێراق دەکەین

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پێشوازى لە پەسندکردنی بودجەی سێ ساڵی عێراق دەکات، دەشڵێ "ئەوەی لە کاتی گفتوگۆى بودجەدا بینیمان، مايه‌ى نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌ و جارێکی دیکە سەلماندیی، دابه‌شبوونى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان زيان به‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌يه‌نێت". 
 
دوای پێنج رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام، پەرلەمانتارانی عێراق بەرەبەیانی (دووشەممە، 12-6-2023) دەنگیان بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجە دا و بودجەی گشتیی عێراقیان بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 پەسندکرد.
 
لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی ناکۆکیی فراکسیۆنە کورستانییەکان، نەتوانرا تەواوی ئەو بڕگانەی لە بەرژەوەندیی هاونیشتمانیانن، دەنگیان لەسەر بدرێت، نێچیرڤان بارزانیش لە پەیامەکەی ئەمڕۆیدا (سێشەممە، 13-6-2023) دەڵێ "هەندێ پەرلەمانتار بەشێوەیەکی نادروست هەڵسوکەوتیان بەرامبەر مافەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان کرد".
 
ئەمە یەکەم جارە لەدواى ساڵى 2021ـەوە پەرلەمانى عێراق بودجەى گشتى پەسند دەکات، کە بڕە بودجەی تەرخانکراوی ساڵانەی نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و، 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "پێويسته‌ ياساى بودجە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت و رەچاوی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسيی دەستووری و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بكات". 
 
نێچیرڤان بارزانی هەروەها دەڵێ "ده‌بێ دڵنیایی تەواو هەبێت لەوەی؛ شايسته‌ دارایيەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سیاسی دواناخرێن و فەرامۆش ناکرێن".
 
سەبارەت بە دابەشبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ئەمە "زيان به‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌يه‌نێت"، بەڵام جەختیش دەکاتەوە لەوەی "بە ویستی سیاسیی هاوبەش، دەتوانین ئەو دابەشبوونەی لایەنە کوردستانییەکان بکەینە دەرفەت بۆ رێکخستنەوەی نێوماڵی خۆمان".
 
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان: 
 
پێشوازى لە پەسندکردنی بودجەی سێ ساڵی عێراق دەکەین. هیوادارین ببێتە نەخشەڕێیەکی باش بۆ پێشكه‌وتنى ئابوورى و سەقامگیريی سياسى و زەمینەیەکی باشى وەبەرهێنان دروست بكات. دەستخۆشی لە هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌ين کە دڵسۆزانە بۆ بەرژەوەنديی هاووڵاتیيان و یەکسانيی خەڵکی عێراق کاریان کرد".
 
جێگەی داخه‌ لە گفتوگۆکانی په‌رله‌ماندا، هەندێ له‌ پەرلەمانتاران بەشێوەیەکی نادروست هەڵسوکەوتیان بەرامبەر مافەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان کرد. ئه‌وه‌ى ڕوويدا له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانى ڕێككه‌وتنى سياسيى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌تدا نايه‌ته‌وه‌ و ئه‌و ئاراسته‌ و شێوه‌يه‌ له‌ كاركردن، خزمه‌ت به‌ پرۆسه‌ى سياسى و دۆخ و داهاتووى عێراق ناكات.
 
پێويسته‌ ياساى بودجە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت و ڕەچاوی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسيی دەستووری و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بكات و ماف و بەرژەوەندیيەکانيان بپارێزێت. ده‌بێ دڵنیایيی تەواو هەبێ لەوەی شايسته‌ داراییيەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری سیاسی دوا ناخرێن و فەرامۆش ناکرێن.
 
ئەوەی لە کاتی گفتوگۆى بودجەدا بینیمان، مايه‌ى نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌ و جارێکی دیکە ئەو ڕاستییه‌ى سه‌لماند كه‌ دابه‌شبوونى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان زيان به‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌يه‌نێت. وێڕاى ئه‌مه‌ش بە ویستى سیاسيی هاوبەش و به‌ ڕەچاوکردنی بەرژەوەنديی گشتی، دەتوانین ئه‌مه‌ بکەینە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی متمانەى نێوانمان، ڕێکخستنەوەی باشترى ناوماڵی خۆمان، خاوکردنەوەی گرژیيەکان و چارەسەری کێشەکان بۆ بەهێزکردنی زیاتری عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2023/6/13