سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد لە کرماشان دەستبەسەرکرا
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەرکرا و رەوانەی زیندانی دیزڵابادی کرماشان کرا.
بەپێی هەواڵێک کە لە لاپەڕەی فەرمیی بەرەی یەکگرتووی کورد بڵاوبووەتەوە، سیاوەش حەیاتی، سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد و گوتەبێژی کۆمەڵگەی راوێژکاریی چالاکڤانانی یارسان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ زیندانیکردنی لە لایەن دادگەی کرماشانەوە دەستبەسەرکرا و رەوانەی زیندانی دیزڵئابادی ئەو شارە کرا.
سیاوەش حەیاتی رۆژی 23-9-2022 لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کرماشانەوە بە تۆمەتی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی لە داڵاهوو دەستبەسەرکرا و لە دادگەی کرماشان سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرا.
سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا مانی لە خواردن گرت و دوای 16 رۆژ و لە 9-10-2022 بە دانانی بارمتە ئازادکرا.
دادگەی کرماشان "تاوان"ی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی، گفتوگۆ لەگەڵ میدیای دژبەری کۆماری ئیسلامی و پاڵپشتی لە خۆپێشاندان و کەسوکاری قوربانیانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022ی خستەپاڵ سیاوەش حەیاتی و سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند و ئەمڕۆ شەممە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای رەوانەی زیندانی دیزڵئابادی کرماشان کرا.