هاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی پشتیوانی لە دەستشپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی، پشتیوانی لە دەستشپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات و دەڵێت، "ئامادەین بەشداریی کۆبوونەوەکان و دیالۆگ لە ئاستە جیاوازەکاندا بکەین".

دەستەی سیاسیی هاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دەستەی سیاسیی هاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی بە تەواوی هێزەوە پشتیوانی لە پەیام و دەستپێشخەرییەکەی فەخامەتی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات کە ئاراستەی گەل و پارتە سیاسییە کوردستانییەکانی کرد لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بازرانی لە بارزان لە 11-05-2023".
 
‏دەستەی سیاسیی هاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی دەڵێت، "ئێمە لە هاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی کە پێکهاتووین لە (پارتی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدانی، پارتی بەیت نەهرەینی دیموکراسی، پارتی یەکێتیی دیموکراتی کلدانی، پارتی بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریان و رەوتی شلاما) وەک گەورەترین هاوپەیمانیی سیاسیی نەتەوەیی رۆڵەکانی گەلەکەمان (کریستیان) لە کوردستان و عێراق، رایدەگەیێنین ئامادەین بەشداریی کۆبوونەوەکان و دیالۆگ بکەین لەسەر ئاستە جیاوازەکان بەبێ هیچ جیاکارییەک".  
 
هەر لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا؛ دەستەی سیاسیی هاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی جەخت لەوە دەکاتەوە کە "هەڵوێستی دڵسۆزانەی سەرۆک بارزانی درێژکراوەی هەڵوێستە سیاسییە ناسراوەکانییەتی و هەڵوێستی بارزانی نەمرە"، ئەوەش لە سۆنگەی باوەڕبوونیان بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی کە لە ئەستۆیانە و ئاماژە بەوەش دەکات کە پشتیوانیی پەیام و دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەکەن کە "خێری هەیە بۆ گەلی کوردستان، گەشەسەندن و ئاسایشەکەی؛ لەگەڵ بنەماکانی پێکەوەژیان و برایەتی و پارێزگاریکردن لە قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان". 
 
رۆژی پێنجشەممە، 11-05-2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی، گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە؛ داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ی ئەم مانگە بکرێت بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، پێش ئەم کۆبوونەوە بەرفراوانە، پێویستە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە؛ بۆیە ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن، هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن."