لە کەرکووک کەسێک بە تۆمەتی "رفاندن و دەستدرێژیی سێکسی" بۆ سەر منداڵان دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیەیەکی پارێزگای کەرکووک، کەسێک بە تۆمەتی "رفاندن و دەستدرێژیی سێکسی" بۆ سەر منداڵان دەستگیرکرا.
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری سەربازی رۆژی شەممە، 13-05-2023، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای گەیشتنی سکاڵای خەڵکی ناحیەی مولتەقای سەر بە پارێزگای کەرکووک، هەواڵگری و هێزی لیوای 31ـی سوپای عێراق لە بۆسەیەکدا تۆمەتبارێکیان لە ناوچەی گوندی ئوبیتەر دەستگیرکرد کە منداڵانی هەڵخەڵەتاندووە و رفاندووە و دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەریان، دوای دەستگیرکردنی، تۆمەتبارەکە رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر و رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراوە.
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رۆژی شەممە 13-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوـی راگەیاند، ئەو کەسە ئەمڕۆ شەممە لە ناحیەی مولتەقای سەر بە قەزای دووبز دەستگیرکراوە، تەمەنی نزیکەی 35 ساڵە، دوو سکاڵای لەسەرە. بە فەرمی دەستدرێژی سێکسی بەسەردا ساخ نەبووەتەوە، بەڵکو چەند جارێک هەوڵیداوە و بەدوای منداڵاندا رایکردووە، بۆیە خەڵک سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد، رێکاری یاسایی لە بەرامبەر ئەو تۆمەتبارە گیراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو کەیسە بەردەوامن.