قایمقامی شێخان: قەزاکەمان بووەتە پایتەخت و سیمبوولی بەیەکەوەژیان

رووداو دیجیتاڵ

فێستیڤاڵی پێکەوەژیان لە قەزای شێخان بۆ برەودان بە تەبایی و پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەستیپێکرد و موسڵمان، ئێزدی و مەسیحیی نەتەوەی کورد و عەرەب تێیدا بەشداربوون. 
 
رۆژی شەممە، 13ـی ئایاری 2023، یەکەم فێستیڤاڵی رۆشنبیری لە شێخان دەستیپێکرد کە سەرنج دەخاتە سەر پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاجیاکانی ناوچەکە و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. 
 
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان لەبارەی فێستیڤاڵەکەوە دەڵێت، "ئەو پێکەوەژیانەی لە شێخان ھەیە وەکو پایتەختی پێکەوەژیان، بەتایبەتی لەسنووری بادینان و کوردستان بە گشتی بووەتە نموونەیەک، سیمبوولێک و جێگای سەرنجی خەڵکی دیکە."
 
زانایانی ئایینی لە ئایینە جیاجیاکانەوە لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوون و کار بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەی چەمکی یەکدی قبووڵکردن دەکەن. 
 
پیر خەلات، زانایەکی ئێزدییە و دەڵێت، "ئەو کەسانەی نەزانن و تووندڕەوییان بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە بڵاوبوونەتەوە. بۆیە ئەمە بووەتە جێی نیگەرانی و جارێکی دیکە داوادەکەین وەکو سەردەمی باوباپیرانمان پێکەوەژیانی نێوانمان بەردەوام بێت. ئەوکات کەس جیاکاریی نەدەکرد؛ ئەمە موسڵمانە یان ئێزدییە یانیش کریستیانە."
 
مامی دەروێش، کچە بەشداربوویەکی فێستیڤاڵەکەیە و دەڵێت، پەیڕەوانی ئایینە جیاجیاکان لە جەژن و بۆنەکانیان بەیەکەوەن. هیوادارین ئەم پێکەوەژیانە جوانە و یەکدی قبووڵکردنە لەنێو هەموو ئایینەکاندا بمێنێت.