سۆها فەتحی لە تورکیا دەستگیرکرا؛ "ئەگەر دیپۆرتی ئێران بکرێت ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە"
رووداو دیجیتاڵ
خانمە هونەرمەندی کورد سۆها فەتحی، لەکاتی هەوڵدانی بۆ پەڕینەوە لە تورکیاوە بۆ یۆنان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی تورکیاوە دەستگیرکراوە و حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاریداوە دیپۆرتی ئێرانی بکاتەوە. کەسێکی نزیکی سۆهاش دەڵێت "ئەگەر دیپۆرت بکرێتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران سزایەکی سەختی دەدەن".
رۆژی شەممە، 13-05-2023 سەردار وەڵەدبەگی، کەسی نزیکی بنەماڵەی سۆها فەتحی بە رووداوی گوت، "سۆها و میلاد یادگاریی هاوژینی، هەفتەیەک بەرلەئێستا لە خاکی تورکیا و نزیک خاکی یۆنان لەلایەن هێزێکی تورکیاوە دەستگیرکراون و ئیستا لە کامپێکی شاری وان راگیراون".
سەردار وەڵەدبەگی گوتی "هەرچەندە سۆها هونەرمەندە، بەڵام وەکو چالاکڤانی سیاسی و مرۆیی زۆر کارا بووە، بەتایبەت لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەدوای کوژرانی ژینا ئەمینی، بۆیە ئەگەر دیپۆرت بکرێتەوە، بە دڵنیاییەوە ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە".
وەڵەدبەگی داوا لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو چالاکڤانان دەکات، گوشار بخەنە سەر حکومەتی تورکیا بۆ ئەوەی بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی سۆها فەتحی هەڵوەشێنێتەوە.
بەهار فەتحی، کە ناوە هونەرییەکەی سۆها-یە، لە گوندی نەوسوودی سنووری پاوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، چەند ساڵێک لە باشووری کوردستان ژیاوە و نزیکەی دوو ساڵە لەگەڵ میلاد یادگاری ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە.