نوێژ و پێشوازیی موسڵمانانی هەرێمی کوردستان لە جەژنی رەمەزان
رووداو دیجیتاڵ
دوای 30 رۆژ بەڕۆژووبوون و پەرستشی مانگی رەمەزان، زۆرینەی موسڵمانان ئەمڕۆ جەژن دەگێڕن، جەژنیش بە نوێژ و گوتارێکی دوای نوێژەکە دەستپێدەکەن. هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی جیهان، لە هەرێمی کوردستانیش نوێژی جەژن و گوتار لە مزگەوتەکان بە پابەندبوون بە رێنوێنییە تەندروستییەکان بەڕێوەچوو.
لە مزگەوتی جەلیل خەیات قورئان خوێندرا و تەکبیراتی جەژن کرا. د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە گوتاری جەژنی رەمەزاندا لەو مزگەوتە باسی لە لێبوردەیی و ئاشتبوونەوە کرد و گوتی "جەژن مانای ئەوەیە کە لەگەڵ کێ پەیوەندیت پچڕاوە ئاشت ببیتەوە، دڵی کێت شکاندووە، بچیت داوای لێبوردنی لێبکەیت، هەرکەسێکیش داوای لێبوردنی لێکردیت، لێی قبووڵ بکەیت". هەروەها باسی لە گرنگیی بەخشین و بەخشندەیی کرد لە رۆژانی جەژندا.
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دوای ئەنجامدانی نوێژی جەژن لە مزگەوتێکی هەولێر پیرۆزبایی جەژنی رەمەزانی لە موسڵمانان کرد و رایگەیاند "ئومێدەوارین جەژن ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموو کوردستان، هەموومان پێکەوە بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین بە یەکڕیزی و تەبایی و وەلانانی کێشە و گرفتەکان، ئاسۆیەکان گەشن و ئیشەڵڵا قەیرانەکان هەموو تێدەپەڕن".
تاهیر بامۆکی، پێشنوێژ و گوتارخوێن لە مزگەوتی عومەری کوڕی خەتاب لە هەڵەبجە لە گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد کە رۆژی جەژن رۆژی "وەرگرتنی خەڵاتە بۆ ئەو کەسانەی فەرمانی خودایان جێبەجێ کردووە". هەروەها باسی لەوەش کرد کە لە رۆژی جەژندا خودا خەڵکێکی زۆر دەبەخشێت.
فاتیح شارستێنی، پێشنوێژ و گوتارخوێن لە مزگەوتی رێگەی بەهەشت لە هەولێر لە گوتارێکدا باسی لە رەزامەندیی خودا و بەخشین کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی لە رەمەزاندا موسڵمانان ئەنجامیان داوە ئامانج لێی بەدەستهێنانی رەزامەندی خودا و بەدەستهێنانی بەهەشتە.
فاتیح شارستێنی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو کردەوانەی بۆ بەدەستهێنانی بەهەشت دەبێت بکرێن، ئاسانن و قورس نین.
فاتیح شارستێنی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو کردەوانەی بۆ بەدەستهێنانی بەهەشت دەبێت بکرێن، ئاسانن و قورس نین.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە مزگەوتی جەلیل خەیات بەشداریی لە بەڕێوەچوونی نوێژی جەژنی رەمەزاندا کرد و پیرۆزبایی جەژنی لە موسڵمانان کرد، بە رووداویشی راگەیاند، هیوادارە جەژن ببێتە بەشێک لە "برایەتی و تەبایی، هەولێری پایتەختیش بەشێک بێت لە گەشانەوەی زیاتر و ببینە هۆی پتەوبوونی تەبایی زیاتری نێوان خەڵکی کوردستان". داوای لە خەڵکیش کرد کە پابەندی رێنوێنییە تەندروستییەکان بن.
پڕۆفیسۆر د. سەباح بەرزنجی، مامۆستای ئایینی لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی لە سلێمانی لەبارەی بەڕێوەچوونی جەژنی رەمەزان لە ئەمساڵدا باسی لەوە کرد، سەرەڕای بوونی مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی میلـلەتی کورد لەیەکدی داببڕێت و داوای کرد خەڵک لە "ماچماچێن و تەوقەکردن" دوورکەونەوە.
محەممەد مەلا فایەق شارەزووری، پێشنوێژ و گوتارخوێن لە مزگەوتی عەباس باراوی لە سلێمانی باسی لە گرنگیی بەخشین کرد و گوتی، بە بەخشین خودا پارە و سامانت دەپارێزێت و هۆکارێکیشە بۆ پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ.
بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان پەیامی پیرۆزباییان بڵاوکردەوە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەڵێت "با له ناوخۆى ههرێمى كوردستان و له تهواوى عێراق جهژن بكهينه دهرفهتێك بۆ پێچانهوهى يهكجاريى لاپهڕهكانى رق و يهكترشكاندن و زمانى زبر و به دڵ و نيازێكى پاكهوه بيكهينه دهستپێكى سهرهتايهكى تازهى تهبايى و هاوبهشى و هاريكاريى نێوان ههموو لايهن و پێكهاتهكان بۆ چارهسهركردنى ئاڵۆزى و كێشه و تێپهڕاندنى قهيرانهكان و ههموومان له ئاست بهرپرسياريهتيى مرۆيى و نيشتمانيماندا بين".
سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە "لە خوای گەورە داواکارم.. ئەم جەژنە ببێتە مایەی کۆتاییهاتنی ناخۆشی، کاولکاریی و گەڕانەوەی ئارامی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی".
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژی رەمەزانەوە جگە لە پیرۆزبایی جەژن هیوای خواست "ئەم جەژنە هاندەری ئاشتەوایی بێت لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکان".
د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامەکەیدا هیوای خواستووە "ئەم جەژنە خێر و خۆشی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت". د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراقیش دەڵێت "هیوادارم جهژن ببێته مایهی یەکڕیزی بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایسته بۆ هاووڵاتییان".