لە کرماشان دوو کەس بە قارچک ژەهراوی بوون و یەکێکیان گیانی لەدەستدا

لە هەفتەیەکدا لە ئێران 30 کەس بە قارچک ژەهراوی بوون.
رووداو دیجیتاڵ
 
لە ناوچەی رێژاوی سەر بە شاری داڵاهوو لە پارێزگای کرماشان، بەهۆی خواردنی قارچکەوە هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش ژەهراوی بوو.
 
رۆژی یەکشەممە، 13ی نیسانی 2025، پەیوەندییە گشتییەکانی قایمقامییەتی داڵاهوو بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ بە‌هۆی خواردنی قارچکەوە لە شاری رێژاوی سەر بە داڵاهوو، دوو هاونیشتمانی ژەهراوی بوون و بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە نەخۆشخانە تەندروستی یەکێک لەو هاونیشتمانییانە تێکچوو و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، کەسەکەی دیکەش لە ژێر چاودێری پزیشکەکاندایە و چارەسەر وەردەگرێت."
 
پەیوەندییە گشتییەکانی قایمقامییەتی داڵاهوو دەڵێت، ساڵانە سەرەڕای هۆشدارییەکانی شارەزایانی تەندروستی، بەشێک لە خەڵکی ناوچەی داڵاهوو بە تایبەت گوندنشینەکان بەهۆی خواردنی قارچکی شاخاییەوە ژەهراوی دەبن و رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن. بۆیە پێویستە خەڵک تەنیا لەو ناوەند و فرۆشگایانە قارچک بکڕن کە لەژێر چاودێری تەندروستیدان.
 
رۆژی 8ی نیسانی 2025، حەسەن نووری ساری، جێگری بەرپرسی فێرکاری فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند: "لە هەفتەیەکدا 30 کەس بەهۆی خواردنی قارچکی دەشت و دەرەوە ژەهراوی بوون". 
 
حەسەن نووری ساری گوتی: "سکچوون، رشانەوە، سکئێشە، تا، زیادبوونی لێدانی دڵ و وشکبوونەوەی دەم، سەرئێشە، گێژبوونی سەر، تەڵخبینی، زەردبوونی چاو و تەنانەت کەمبوونەوەی ئاستی هۆشیاری لە نیشانەکانی ژەهراویبوونن بە قارچک".