یەکێتیی مامۆستایان: بەگرێبەستکردنی وانەبێژان قۆناخی یەکەمە و قۆناخی دیکەی بەدوادا دێت
رووداو دیجیتاڵ
لیستی ناوی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان بۆ بەگرێبەستکردن رەوانەی حکومەتی عێراق دەکرێت. نوێنەرێکیان دەڵێت، گرێبەستەکە هەمیشەییە و تاوەکو دامەزراندن هەڵناوەشێتەوە. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانیش دەڵێت، گرێبەستکردنەکە قۆناخی یەکەمە و قۆناخی دیکەی بەدوادا دێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، سێشەممە 16ی ئەم مانگە، لیستی کۆی مامۆستایانی وانەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە ئاراستەی حکومەتی عێراق دەکرێت.
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ شەممە 13ی نیسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ناوەکانیان لەلایەن لیژنەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە لیست و نووسراو دەبرێتە بەغدا، کە بۆ دامەزراندنە بە شێوەی گرێبەستی هەمیشەیی.
بە گوتەی کارۆخ عەبدوڵڵا، "دوو جۆر گرێبەست هەن؛ یەکەم، ساڵانە نوێ دەکرێتەوە یان هەڵدەوەشێتەوە؛ جۆرەکەی دیکە تاوەکو دامەزراندن بەردەوام دەبێت و پێی دەگوترێت گرێبەستی هەمیشەیی."
ئەو نوێنەرەی وانەبێژان ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کردووە و پێیان گوتوون، بۆ ئەم قۆناخە تەنیا دەتوانن داوای گرێبەستی هەمیشەییان بۆ بکەن، چونکە دامەزراندنی هەمیشەیی "یاسای بودجە و گفتوگۆی پەرلەمانی عێراقی دەوێت."
هەر ئەمڕۆ شەممە ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان لەگەڵ دامەزراندنی هەمیشەیی وانەبێژاندان. گوتیشی، "دامەزراندن بە گرێبەست قۆناخی یەکەمە و قۆناخی دیکەی بەدوادا دێت."
9ی ئەم مانگە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای جەژنی رەمەزان، وەزارەتەکەیان ئامادەکاری دەکات "لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لەسەر بنەمای بەگرێبەستبوونی (کۆی وانەبێژان) لە رێگەی حکومەتی هەرێمەوە ئاراستەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بکرێت."
بەگوێرەی رێنوێنیی ژمارە 14ی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دیبلۆمن، مووچەیان 350 هەزار دینارە و هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 400 هەزار دینار وەردەگرن.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار و 543 وانەبێژە، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.