سبەی یادی ئەنفالە و لە چەمچەماڵ چالاکیی فەرمی دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

سبەی یادی ئەنفالە و بڕیارە چالاکییە فەرمییەکانی تایبەت بەو یادە لە چەمچەماڵ بەڕێوەبچن. 
 
14ـی مانگی نیسان بە رۆژی یادی تاوانی ئەنفال دیاریکراوە. جەبار شەهید محەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان ئەمڕۆ (شەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی چالاکی فەرمی بۆ یادی ئەنفال لە قەزای چەمچەماڵ بەڕێوەدەچێت. 
 
جەبار شەهید گوتی، "سبەی لە گەرمیان و گۆڕستانی شەهیدان لە گوندی دێبنە لە ناحیەی رزگاری، هیچ رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ یادەکە بەڕێوەناچێت. دەکرێت تاجەگوڵینە دابنرێت، بەڵام رێوڕەسم ناکرێت. بەڵام رۆژانی دواتر چالاکی دەبن." 
 
بەختیار رەئووف، چالاکڤان و کوڕە ئەنفال لە گەرمیان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی لەسەر پردی گۆڕستانی دێبنە، ژمارەیەک کەسوکاری ئەنفالکراوان گرددەبینەوە و رێگە نادەین هیچ بەرپرسێکی حیزبی بچێتە گۆڕستانەکە."
 
بەختیار رەئووف رەخنەی لە حیزبەکان هەبوو و گوتی، "ناکرێت تەنیا رۆژێک کەسوکاری ئەنفالیان بیربکەوێتەوە. ئەو حیزبانەی لە دەسەڵاتن وەک پێویست خزمەتی کەسوکاری ئەنفالکراوانیان نەکردووە." 
 
ناحیەی رزگاری لە ئیدارەی گەرمیان، زۆرینەی دانیشتووانەکەی کەسوکار یان رزگاربووی شاڵاوەکانی تاوانی ئەنفالن.
 
تاوانی ئەنفال بە ھەشت قۆناخی یەک لە دوای یەک لە 22ـی شوباتی 1988 دەستیپێکرد و، تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 1988 بەردەوام بوو.
 
قۆناخی سێی ئەنفال کە رۆژی 14-4ـی 1988 بوو، بەهۆی ئەوەی زۆرترین قوربانی هەبوو و گەورەترین کۆمەڵکوژی تێدا کرا، بەراورد بە قۆناخەکانی دیکە، بۆیە بە رۆژی ئەنفال دیاریکراوە.